پاڵنەرە سەرەکییەکانی خۆکۆشتن و کوشتن لەنێوان گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و گرفتە دەروونیەکاندا

(0) / زنان


Jan 21, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دەکرێت بگوترێت هەواڵی کوژران و خۆکۆشتن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بووەتە هەواڵی ڕۆژانە، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و کچان کوژراون و بەشێکیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، لە کاتێکدا بەشێک لەو ژنانە پێشتر کێشەیان هەبووە و بەئاشکرا باسی کێشەکانیان کردووە، بەڵام چارەسەرێک بۆ پاراستی ژیانیان نەبووە، هەر بۆیەشە بەردەوام پرسیارگەلی زیاتر دێنە ئاراوە کە ئایە تاچەند کێشە دەروونیەکان پاڵنەرن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە، یاخود کێشە کۆمەڵایەتیەکان وهۆشیاری کۆمەڵگەکان تاچەند کاریگەری بەسەر زیادبوونی ئەو حاڵەتانەوە هەیە. بۆ ئەم مەبەستە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتوێژی لەگەڵ مامۆستا نەسیبە حوسێن ڕێنماییکاری پەروەردەیی و ماستەر لە کاری کۆمەڵایەتیدا ئەنجامداوە.

مامۆستا نەسیبە حوسێن بەشێک لە هۆکارەکانی کوژران و خۆکۆشتن لەنێو ژنان و پیاواندا بۆ باری دەروونی و پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکان دەگێڕێتەوە.

دەڵێت ئەو کەسانەی گرفتی دەروونیان هەیە لەناو کۆمەڵگەدا مامەڵەیەکی دروستیان لەگەڵدا ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرفتە کۆمەڵایەتیەکان پاڵنەری سەرەکی ئەنجامدانی ئەو کارانەن.

پاشان مامۆستا نەسیبە ئاماژە بە پەروەردەی خێزانی دەکات و دەڵێت پەروەردەی نادروستی خێزانی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان بە شێوەیەک هەندێک جار کەسەکان خۆیان ناکوژن بەڵام دەبنە گرفت بۆ کەسانی دەوروبەر.

مامۆستا نەسیبە سەبارەت بە زەق کردنەوەی هەواڵی کوژران و خۆکوشتن لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵاتیەکاندا دەڵێت ئەمە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە نیە و بەڵکو تاکەکان لەو ڕێگەیەوە فێر ئەبن کە چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان یانیش بە ژیانی کەسێکی دیکە بهێنن.

مێترۆ