ڕۆحی یاخیبووی "پەرتەو" لە باخی فیردەوسی کرماشان ئارامی گرت

(0) / / فرهنگی / زایەڵە پەرتەو کرماشانی شامی


Jan 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

تەرمی هونەرمەندی ناودار، "پەرتەو کرماشانی" لە شاری کرماشان بەخاک سپێردرا و ڕۆحە یاخیبووەکەی لە باخی فیردەوس ئارامی گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، تەرمی شاعیری ناوداری کورد "پەرتەو کرماشانی" ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە باخی فیردەوسی کرماشان بە خاک سپێردرا.
ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بە تایبەت ئەدەب دۆستان، ئەدیب، نووسەر و چالاکڤانان لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی عەلی ئەشرەف نەوبەتی ناسراو بە پەرتەو کرماشانی لە گۆڕستانی باخی فیردەوسی کرماشان ئامادەبوون.
رێوڕەسمەکە دوو کاتژمێری خایاند و ژمارەیەک لە ئەدیب و نووسەران قسەیان لەسەر رۆڵ و کاریگەریی پەرتەو کرماشانی و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی لە سەر ئەدەبی فارسی و کوردی کرد.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا کەسوکاری پەرتەو کرماشانی رایانگەیاند، بەهۆی رێنماییەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا لە ماڵەوە پرسەی بۆ دانانرێت.
عەلی ئەشرەف نەوبەتی ناسراو بە پەرتەو کرماشانی شاعیری دیاری کورد ڕۆژی سێشەممە لە تەمەنی  ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پەرتەو کرماشانی کوڕی ئەسەدوڵڵا لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٣١ی زایینی (٦ی ڕەزبەری ١٣١٠ی هەتاوی) لە گەڕەکی بەرزەدەماخی کرماشان لە دایک بووە.
ناوبراو هەر لە کرماشان خوێندنی تەواو کردووە.
عەلی ئەشرەف لە کوردەکانی بەختیارییە و هەر لە منداڵییەوە لە ڕێگای بنەماڵەکەی لەگەڵ ئەدەب ئاشنا بووە.
جگە لە شیعرەکانی پەرتەو کرماشانی، کەسایەتییەکەی زۆر بووەتە جێگای سەرنجی خەڵکی ناوچه و بەردەنگەکانی.
پەرتەو کرماشانی بە دوو زمانی کوردی و فارسی خاوەنی بەرهەمە و زیاتر لە ٣٠٠٠ بەیت شیعری هەیە؛ هەرچەندە ڕێژەی شیعرە فارسییەکانی زیاترن، بەڵام ئەو شیعرە کوردییانەی کە هۆنیویەتەوە لە ئاستێکی بەرز دان و لەناو ئەدەبی کوردیدا خاوەن پێگەیەکی تایبەتن.
عەلی ئەشرەف نەوبەتی بە زاراوەی کوردیی خوارین شیعری وتووە و حەول داوە پاراو بنووسێ.
بەرهەمەکانی پەرتەو کێشی عەرووزییان هەیە و زۆربەی قاڵبەکانی تاقی کردووەتەوە، بەڵام لە غەزەلدا زۆر لێهاتوو بوو.
 کاکڵی شیعرەکانی ئەوین و خۆشەویستی و هەستی نەتەوەیی بوو.
هۆنراوەکانی پەرتەو کرماشانی بە ڕواڵەت کلاسیکن، بەڵام زمان و ناوەرۆکیان تازە و سەردەمیانەیە و لەگەڵ مرۆڤی ئەمڕۆیی دەدوێن.
٢٧ی  بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی (١٧ی ئایاری ٢٠١٥ی زایینی) لە ڕێکخراوەی فەرهەنگیی (دەنگی پەڕاو) بڕیار درا بە مەبەستی ڕێز لێنان لە کەسایەتی و تەمەنێک خزمەتی مامۆستا ئەم ڕۆژە، به ڕۆژی "پەرتەو کرماشانی" ناودێر بکرێ.
"کووچە باغیها" سەرجەم هونراوەکانی عەلی ئەشرەف نەوبەتی لە توێی کتێبێکدا بە یارمەتی "محەممەد عەلی سوڵتانی" و خەتی "فەریبا مەقسوودی" بڵاو بوونەتەوە. ئەم کۆمەڵە شیعرە بۆ چوارەمین جار لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) لە چاپ درا.
شیعری بەناوبانگی ئەرمەنی بەرهەمی پەرتەو کرماشانییە:
    ئاوارەگەێ بێچارەگەێ بێخانمانم ئەرمەنی
    ماڵد نیەزانم ها لە کوو، ڕووح و ڕەوانم ئەرمەنی
    شیرن زوانم ئەرمەنی، دەردت وەگیانم ئەرمەنی
    ترسم وەگەردم تا نەکەی، بۊشی بچوو، دەر وانەکەی
    ئمجا م دی دیوانەگەێ، ئاگر وەگیانم ئەرمەنی
    ت باو موسڵمانی بکە، لەی گەورە مێمانی بکە
    هەرچی کە خوەد زانی بکە، م ناتەوانم ئەرمەنی
    بێخوەد ئەڕا ترسی؟ خوەمم، قورسە دەمم، خاترجەمم
    مانگەشەوە، سایەێ خوەمە ها شان وەشانم ئەرمەنی
    نەۊش ئەوقەرە چشتی نییە، دەر واکە بارم کەفتییە
    هەر یەی چکە نەزری بکە، تەڕ بوو زوانم ئەرمەنی
    ئەر یەی کەسی لە دشمەنی پرسییە لە کوورە سەنی
    وەگیان هەرچی کافرە، ئۆشم نیەزانم ئەرمەنی
    لە خوەسە ئاگر گردمە، ڕێ ماڵدان گوم کردمە
    ئەر مردمیشم مردمە، مشتی سوخانم ئەرمەنی
    پشتم لە بار دەرد و خەم شکیا نیەزانم چە بکەم
    دەردم یەسە لە ماڵ خوەم بێخانمانم ئەرمەنی
    ڕووژ و شەوم جوور یەکە، دەر واکە نەومیدم نەکە
    ئاخر وە ناشەڕ تازە م جایەڵ جوانم ئەرمەنی
    دەر واکە زۊتر "پەرتە"وە، مێمانەگەێ ئاخر شەوە
    یەی شۊشە لەو بەد مەسەوە، پڕ کە بزانم ئەرمەنی