ئەنساروڵڵای یەمەن هاوکات لەگەڵ سەفەری سەرۆک کۆماری ئیسرائیل بە ئیمارات، جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی ئاراستەكراو لەلایەن ئەنساروڵڵایان تەقاندۆتەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
ئاماژە بەوەش دراوە؛ بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە) ڕێگریمانکردووە لە مووشەکێکی بالیستیی ئەنساروڵڵا و تەقێندراوەتەوە، لەگەڵ ئەوە پارچەکانی مووشەکەکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، ڕاشیگەیاندووە: دوای ئەو هێرشە، ئیمارات و حکومەتی یەمەن سەکۆی مووشەکەکەیان دۆزیووەتەوە و تێكیانشكاندووە.
هێرشەکەی ئەنساروڵڵا بۆ سەر ئیمارات لە کاتێک دایە کە ئیسحاق هرتسوگ سەرۆک کۆماری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە و بۆ ئەنجامدانی سەفەرێکی دوو ڕۆژە گەیشتە ئەو وڵاتە و لەگەڵ محەمەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی دیدار کرد.
سەرۆکایەتی کۆماری ئیسرائیل ڕایگەیاند سەفەری هرتسوگ بە گوێرەی بەرنامەی دیاریکراو بەردەوام دەبێت.
هاوکات دوای هێرشەکە ئیدارەی گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئیمارات ڕایگەیاند، هەموو گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایین و لە شوێن و کاتی خۆیاندا ئەنجامدراون و دەدرێن، ئەو هێرشە کاریگەریی لەسەر گەشتەکان نەبووە.