موچەی پاشەکەوتی ئەم کەسانە دەگەڕێنرێتەوە

(0) / اقتصادی


Feb 02, 2022

قەبارەی فۆنت:

حازم ئیسماعیل گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند ، دوای ساڵی 2014، چەند موالیدێك لە فەرمانبەران خانەنشین كراون، تا ئەوكاتەی پاشەكەوت هەبوو، مووچەی خانه‌نشینیی ئەو كەسانە بەهەڵە پاشەكەوت كراوە، بۆیە بڕیاری دارایی دراوە، كە مووچەی ئەو كەسانە دەدرێتەوە .

وتیشی ساڵانە بەتایبەت لە مانگی حەوت زیاتر لە پێنج هەزار دۆسیەی خانەنشینی فەرمانبەران دێتە نێو فەرمانگەی خانەنشینییه‌وه‌، بۆیە دوو سێ مانگ كاری دەوێت تا رێك دەخرێت، كاتێكیش مووچەی خانەنشینی ئەوانە بەستراوە، كەوتووەتە ناو پاشەكەوت، ئێستا ئەوەی ئەو كێشەی هەبێت، بۆی چارەسەر دەكرێت و مووچەكانیان پێدەرێتەوە .

بەهۆی قەیرانی داراییه‌وه‌، لەكۆتاییەكانی ساڵی 2015 تا ئاداری ساڵی 2019، چەند مووچەیەكی فەرمانبەران پاشەكەوت كراوە.

حازم ئیسماعیل گۆران، ئاماژەی بەوەش دا، دوای هەوڵێكی زۆر لەگەڵ گەنجینە و دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، تواندرا رێنماییەكی دارایی بۆ ئەو بابەتە دەربكرێت، گوتیشی ، هەیە یەك مانگ مووچەی هەیە، هەیە دوو مانگ و سێ مانگ و چوار مووچەی هەیە، ئەوانەی كە ئەو مووچانەیان پێ نەدراوە، دەبێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشین بكەن، چونكە رێنوێنیمان پێ داون، دەسەڵات بەوان دراوە بۆیان خەرج بكرێت .

بەرپرسەكەی خانەنشین بەرچاوڕوونیی زیاتری دا و گوتی ، ئەوەی دەدرێتەوە مووچەی پاشەكەوتكراو نییە، بەڵكوو ئەو مووچانەیە، كە هی فەرمانبەران دراوە، بەڵام ئەوان مووچەی خۆیان وەرنەگرتووە و كەوتووەتە ناو پاشكەوت .

کامەران کەریم