ئێران ناوەندێکی بازرگانی بە ئامادەبوونی 30 کۆمپانیا لە سلێمانی دەکاتەوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە شوشتەری کۆمپانیا ئێران سلێمانی


Feb 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ناساندنی براندە ئێرانییەکانی بە پێویست ناو برد و وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوەندێکی بازرگانی بە ئامادەبوونی 30 کۆمپانیای زانستی و 100 براندی جیاجیا لە سلێمانی دەکرێتەوە تا بەدەر لە ناساندنی خۆیان، خزمەتگوزارییەکانی وەک بازاڕدۆزی، پەیوەندی گرتن و گواستنەوە وەربگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەهدی شوشتەری لە کۆبوونەوەی لە گەڵ چالاکوانانی ئابوری کرماشان کە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەم شارە بەڕێوەچوو، پەرەپێدانی بازرگانیی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی: وەزارەتی دەرەوە لە بواری هەناردە چوار سیاسەتی هەیە کە یەکەمیان بەرزکردنەوەی کوالیتی بەرهەمەکان و براندسازی لە کاڵا هەناردەکراوەکانە.

ناوبراو گرنگی جیدی عێراقی بە ستانداردی کاڵاکان بە گرنگ ناو برد و وتی: سیاسەتی سێهەم جۆربەجۆرکردنی بەرهەمە هەناردەکراوەکانە، بە شێوازێک کە لە ئێستادا لە بواری کەرستەی بیناسازی، میوە و سووتەمەنی لە دۆخێکی باشداین بەڵام لە کەرەستە پزیشکییەکان، دەرمان، کەرەستەی کشتووکاڵی، مۆبێلات و جلوبەرگ توانای هەناردەی زیاتر بۆ عێراق هەیە کە بەداخەوە دواکەوتووین و یەکە وەبەرهێنەرەکانی ئێمە دەبێت لەم بوارانەدا چالاکی بکەن.

سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی سەبارەت بە سیاسەتی چوارەمی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەش وتی: وڵاتی عێراق ماوەیەکە هەوڵی زیاترکردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەدات و پاڵپشتی لە چالاکوانانی خۆی دەکات و هۆکاری قەدەغەبوونی هاوردەی هەندێک کاڵاش بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە پێویستە بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئێمە کە توانای وەبەرهێنانیان لە وڵاتی عێراقدا هەیە بۆ پاراستنی پشکی خۆیان لە بازاڕی ئەم وڵاتەدا، لە ناو خاکی عێراق وەبەرهێنان بکەن.

شوشتەری عێراقی لە پاش چین بە دووەم هاوبەشی بازرگانی ئێران ناو برد و وتی: گرنگی بازاڕی عێراق بۆ کەس شاراوە نییە و هەرێمی کوردستانیش بە هۆی هاوبەشی کەلتوری، مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سنوری هاوبەشەوە، پەیوەندییەکی کۆن و ڕیشەیی هەر لە سەردەمی سەدامەوە لە گەڵ ئێران هەبووە و سەرەڕای سەرجەم گەمارۆ زاڵمانەکان ئەم ئاستەی پەیوەندییەکانمان پاراستووە بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە تورکیا ڕکابەری جیدیی ئێمەیە بۆ زاڵبوون بە سەر بازاڕی عێراق.