ژنێکی ئێرانی لە سەهۆڵەکانی جەمسەری باشوور کاری  توێژینەوە دەکات

(0) / زنان


Feb 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

خاتوونێکی ئێرانی خاوەنی پایەی بەرزی زانستییە و لە جەمسەری باشووری ئیشی توێژینەوە و زانستی بە ڕێوە دەبات.

بە پێی هەواڵی زایەڵە، سەحەر دێهنەوی خاتوونێکی  تەمەن سی ساڵی ئێرانی خاوەن پلەی باڵای زانستییە و لە لایەن زانکۆی هانۆڤێری ئەڵمانیا بۆ کاری زانستی و توێژینەوە ڕەوانەی جەمسەری باشوور کراوە و لە ناو سەهۆڵ و بەفردا،  لە کەش و هەوای زەوی و وزە و تیشکی خۆر دەکۆڵێتەوە.

دێهنەوی دووهەم ژنە لە جیهان بۆ ئەم ئیشە لە لایەن زانکۆی هانۆڤێر  ڕەوانەی جەمسەری باشوور کراوە و وەک خۆی دەڵێت لەبارەی وزەی خۆر، پیس بوونی هەوا و بەرهەم هێنانی کارەبا لە وزەی خۆر کار دەکات.

ئەم خاتوونە بڕوانامەی دوکتۆرای لە بواری ژێئۆدزی و ژێئۆماتیک لە زانکۆی خاجە نەسیرەدین تووسی لە ئێران بە دەست هێناوە و کارە توێژینەوەکانی هەر لە هەمان زانکۆ دەست پێکردووە و دواتر لە لایەن زانکۆی هانۆڤێر وەرگیراوە و بۆ درێژە پێدانی توێژینەوە ڕەوانەی جەمسەری باشوور کراوە و وەک خۆی دەڵێت قەت ترسی نییە لە دژواری و مەترسییەکانی کارەکەی.

هەروەها دەڵێت کە کاتێک گەیشتۆتە پێگەی زانستی زانکۆکە لە جەمسەری باشوور دیکەی ئەندامەکان زۆر پێیان سەیر بووە کە ژنێکی ئێرانی کەم تەمەن بەشداری کارێکی زانستی لەو جۆرە و لە شوێنێکی ئاوەها دژوار  دەکات.