بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کشانەوە لە حكومەت؛ تیمی حكومەت ‌و بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە دژی بڕیارەكەن

(0) / / راپورت / زایەڵە گۆڕان حکوومەت نەوشیروان مستەفا


Mar 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریداوە گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، بەڵام تیمی حكومەت‌و بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە دژی بڕیارەكەن، بۆیە نامەی كشانەوە لە حكومەت هێشتا رادەستی مەسرور بارزانی نەكراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، بڕیاریداوە گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە.

پێگەی "درەو" لەمبارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ لە دواین كۆبونەوەی ئەم جڤاتەدا، پرسی كشانەوە لە حكومەت خراوەتە دەنگدان‌و لەكۆی (34) ئەندامی ئامادەبوو، (22) ئەندام دەنگیان داوە بۆ "كشانەوە" لە حكومەت داوە‌و لەبەرامبەردا (12) ئەندام "دژ"ی كشانەوە دەنگیان داوە.

بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وا داڕێژراوە، بەر لە كشانەوە لە حكومەت، گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، لەم نامەیەدا باس لە چەند خاڵێك وەكو هۆكاری كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت بكرێت لەوانە:

گۆڕان بەمەبەستی چاكسازی بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا كراوە، بەڵام وەكو ئەوەی ئێمە داوامان كردووە چاكسازی نەكراوە.

دۆخی خەڵك خراپە، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و خەڵكیش داهاتەكانی حكومەت روون نین.

ئەم نامەیەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ مەسرور بارزانی ئامادە كراوە‌و رادەستی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان‌و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشكی گۆڕان كراوە، بۆ ئەوەی ئەم دوو بەرپرسەی گۆڕان نامەكە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی بكەن، بەڵام تائێستا مستەفا سەید قادرو دانا عەبدولكەریم نامەكەیان رادەستی مەسرور بارزانی نەكردووە.

لەبارەی هۆكاری رادەست نەكردنی نامەكە بە مەسرور بارزانی، بەگوێرەی زانیارییەكان، تیمی گۆڕان لە حكومەت و بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە دژی بڕیاری كشانەوەن (جگە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی)‌, بۆیە هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ دەنگدانەكەی جڤاتی نیشتمانی دروست دەكەن.

ئەوانەی ناڕازین لە بڕیاری كشانەوە، دەیانەوێت بڵێن ئەو (22) ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی كە دەنگیان داوە بۆ كشانەوە لە حكومەت، بەشێكیان وەكو ئەندامی جڤات گرفتیان هەیە‌و مافی دەنگدانیان نییە، دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ژمارەی ئەو دەنگانەی كە پشتیوانی كشانەوە لە حكومەت دەكەن لە (22) دەنگەوە بۆ (17) دەنگ كەم بكەنەوە، لەم حاڵەتەشدا نیسابی تێپەڕاندنی بڕیارەكانی بە دەنگی (50+1) كێشەی بۆ دروست دەبێت‌و بڕیاری كشانەوە لە حكومەت جێبەجێ ناكرێت.

لەسەر بنەمای بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، بڕیاربووە بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی راپەڕیندا واتە رۆژی 5/3 لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بكشێتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی "حكومەتی هەرێم بەرهەمی راپەڕینە‌و حكومەت شكستی هێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین"، بەڵام ئەوانەی دژی كشانەوە بوون، شكستیان بەم بڕیارە هێنا لە یادی راپەڕیندا، هەندێكی تریشیان لەوانە (چیا نەوشیروان مستەفا) پێیانوایە دەبێت كشانەوە لە حكومەت لەكاتێكی گونجاودا بێت‌و هەڵایەكی گەورە دروست بكات، نەك كارتەكە بەشێوەیەكی لاواز بەكاربهێنرێت.

مشتومڕی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كشانەوە لە حكومەت یاخود مانەوە لەكاتێكدایە، ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبێت، تەمەنی ئەم كابینەیە كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە تەنیا كەمتر لە حەوت مانگی ماوە.