1 / 2
2 / 2

(0) / / ورزش / زایەڵە هەڵەبجە کرماشان پاسکیل سوار


Mar 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە، گرووپێکی حەوت کەسی پاسکیل سواری شاری کرماشان بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئامانجی ئەم پاسکیل سوارانە لەم سەفەرە کە بە پاسکیل لە کرماشان تا هەڵەبجە لێدەخوڕن، ڕاگەیاندنی هاوپەیوەندی لە گەڵ لێقەوماوانی هێرشە کیمیاییەکەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر هەڵەبجەیە.

 کامەران شەریف زادە، عەلی ئەخگەری، محەمەد ڕەزا موحێبی، محەمەدڕەزا پووڕ موتەعەبید، محەمەد مەهدی ئەمیری، کەماڵ نەزەری و سیامەک ئەدەبی ئەو پاسکیل سوارانەن کە ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگای دەروازەی سنووری باشماخەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان.

 بڕیارە ئەم پاسکیل سوارانە ڕێگای نێوان دەروازەی سنووری باشماخ تا شاری هەڵەبجە و شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە بە لێخوڕینی پاسکیل بپێون .

 بۆردومانی کیمیایی بارانی هەڵەبجە لە ١٩٨٨/٣/١٦ لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراق دژ بە ناوچە کوردنشینەکان ئەنجام درا.

دوابەدوای هێرشی والفەجری ۱۰ لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئێران و داگیرکردنی چەن ناوچەیەکی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عێراق لە کۆتایی ساڵی ۱۹٨٨ کە بووە هۆی پێشوازی دانیشتوانی ئەم ناوچانە لە هێزە ئێرانییەکان، سەدام حسێن سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانی بە عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی دا کە ئەم ناوچانە بۆردومانی کیمیایی بکات.

 بە هۆی ئەم بۆردومانەوە نێزیک بە پێنج هەزار کەس کوژران و نێزیک بە ۱۰ هەزار کەسیش بریندار بوون و سەدان کەسی تریش بە هۆی ئەم بۆردومانەوە تووشی نەخۆشینی جۆراوجۆر و کەمئەندامی بوون.

 ئەم کارەساتە کە بە شێوازی فەرمی وەک جینۆسایدی خەڵکی کوردی نیشتەجێی عێراق ناسراوە، گەورەترین هێرشی کیمیایی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوچەیەکی مەدنییە لە مێژوودا.