ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە گۆڤاری دەرگاوان لەبارەی ژمارەی نوێ

(0) / / فرهنگی / زایەڵە دەرگاوان میدیا شوان ئادەم ئەیڤەس


Mar 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

د. شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان ڕایگەیاند ئامادەکاریی بۆ ژمارەی دووەمی گۆڤارەکە لە تەواوبوون دایە و پاش وادەی دیاریکراو بابەتی نێردراو فریای ئەم ژمارەیە ناکەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، د. شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان ڕایگەیاند: لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا (18ی ئاداری 2022)دا؛ ئامادەکاریی بۆ ژمارەی دووەمی گۆڤاری دەرگاوان تەواو دەبێت و ھەر بابەتێک لەو رۆژە بەدواوە بنێردرێت، بە داوای لێبوردنەوە فریای ئەم ژمارەیەی بەھاری 2022 ناکەوێت. ھەربۆیە لەماوەی ئەم چەند رۆژەی داھاتوودا؛ پەلە لەناردنی ئەو بابەتانەدا بکەن کە بە نیازبوون بینێرن

دەرگاوان گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتمەندە بە پەروەردەی میدیاییە و رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)خاوەنی ئیمتیازیەتی و د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەریەتی.

دەرگاوان بانگھێشتی پسپۆڕان و توێژەرانی میدیایی دەکات، بەرھەمەکانیان بۆ یەكێك لەم دەرگایانەی دەرگاوان بنێرن:

 خوێندن و پەروەردەی میدیایی

 راز و رێبەری میدیایی

 رێنمایی و ھۆشیاری میدیایی

 تێز و توێژینەوەی میدیایی

 مژار و مێزگردی میدیایی

 ھەڵبژاردە و ھەڵسەنگاندنی میدیایی

 دیدار و دیڤچوونی میدیایی

 دۆز و دۆسییەی میدیایی

 تەنز و کاریکاتێری میدیایی

پرۆژە و چالاکیی میدیایی

چاپکراو و بەرھەمی میدیایی

وشەدان و فەرهەنگی میدیایی

داواش دەکات لە کاتی ناردنی بابەتەکاندا مەرجە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:

پێویستە ھەر نووسین و وەرگێڕانێک کە دەنێرێت؛ سەرچاوە و بەستەری دەقە سەرەکییەکەی لەگەڵدا بێت.

پێویستە رەچاوی یەکێک لە تەوەرە راگەیاندراوەکانی گۆڤارەکە بکرێت و لەو چوارچێوەیەدا بنووسرێن یان لە زمانی سەرەکیی نووسینەکەوە کاری وەرگێڕانیان بۆ کرابێت.

پێویستە هەر بابەتێك ناوی نووسەر و ئیمەیڵ و ژمارەی مۆبایلی لەسەربێت، تاكو لەكاتی پێویستدا بەخێراترین شێوە پەیوەندیی پێوەبكرێت.

پێویستە بەرھەمەکان بەجۆرێک بن کە ببنە رێبەرێکی کردەیی بۆ تێگەیشتن و پێگەیشتنی فێرخوازان و نەوەی نوێی رۆژنامەوانان.

پێویستە رەچاوی رێنووسی نوێی زمانى کوردیی و خاڵبەنديی بکرێت و پێش ناردنیان ھەڵەچنیی بابەتەکان کرابێت.

پێویستە بەرھەمەکان لە 3000 وشە زیاتر نەبن؛ بە یونیكۆد و فۆنتی Microsoft Uighur و بە قەبارەی 16 بابەتەكان بنێرن.