پەرلەمانتارێک : ٢٥٠ برینداری چەکی کیمیایی پێویستیان بەچارەسەرە

(0) / / گفتگو / زایەڵە چەکی کیمیایی بریندار عومەر گوڵپی


Mar 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ٢٥٠ برینداری چەکی کیمیایی پێویستیان بەچارەسەرە.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە زایەڵەی ڕاگەیاند، پاش ٣٤ ساڵ لە کیمیاییبارانی‌ هەڵەبجە، لە کۆی‌ (٩٧٢) برینداری‌ چەکی‌ کۆکوژی‌ کیمیایی، نزیکەی‌ (٢٥٠) برینداریان پێویستیان بە چارەسەری‌ خێرایەو هێندێکیان ژیانیان لەنێوان مان‌و مردندایە، لەماوەی‌ ساڵێکی‌ ڕابردوودا تەنها (پێنج) بریندار نێرراون بۆ ئێران بۆ چارەسەر، ئەوەش بۆ یەکجار، بۆ دووبارە بینینەوەی‌ دکتۆرو چارەسەر ئەبێت قەرز بکەن تا سەر لە پزیشکەکانیان بدەنەوە .

وتیشی ، پاش ٣٤ ساڵ لە کیمیاییبارانی‌ هەڵەبجەو هەورامان‌و شارەزوور، تا ئێستا (٢٥٤) هاووڵاتی‌ ماون زەوی‌ وەرگرن، هێندێک لەوانەی‌ پێشوش زەویان وەرگرتووە یەک سولفەیان پێدراوەو پێنج ساڵە چاوەڕێی‌ سولفەی‌ دووەم‌و سێیەم دەکەن بۆ کردنەوەی‌ خانووەکانیان نزیکەی‌ (٧٠٠) ڕووفاتی‌ شەهیدانی‌ هەڵەبجە لە وڵاتی‌ ئێرانن‌و تا ئیستا حکومەت هیچ هەوڵێکی‌ نەداوە بۆ گەڕاندنەوەیان، هێندێک لەو ڕوفاتانە لە گۆڕستانی‌ ناسراو بە (بەهەشتی‌ زەهران‌)و مەترسی‌ ئەوەیان هەیە گۆڕەکانیان بفەوتێن و هیچ ئاسەوارێک لەو ئەزیزانە نەمێنێت.

ڕونیشیکردەوە ، پاش ٣٤ ساڵ لە کیمیاییبارانى هەڵەبجە، دۆسیەی‌ (١١٩) منداڵى ونبووى هەڵەبجە دۆسیەی‌ پر ئازاری‌ بێ کۆتایە، کە حکومەت هیچ هەوڵێکی‌ جیدی‌ نیە بۆ ناسینەوەو گەڕاندنەوەو ناساندنەوەیان بە ٧٦ خێزان کە چاوەڕوانیان دەکەن و تا ئێستاش چارەنووسیان تادیارە ،پاش ٣٤ ساڵ لە کیمیاییبارانى هەڵەبجە، دۆسیەى قەرەبووى ئەم کارەساتە لە بەغداو سزادانى ئەو کۆمپانیاو وڵاتانەى پشتیوانى صەددام و ڕژێمەکەیان دەکردو چەکى کۆکوژیان پێ دەدا هیچ جوڵەیەکى پێ نەکراوەو تا ئێستاش ئەو دۆسیەیە بێ ئەنجامەو دەسەڵات لە بەغدا لە بری کارکردن لەم دۆسیەیە سەرقاڵى شەڕى پۆست و پلە دەکەن .

ئەوەشی خستەڕوو ، بۆ هەموو ئەوانە بەنووسراوی‌ ژمارە (٢٠٢) لە (٨ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢) داوامانکرد لە حکومەت بەتایبەت وەزارەتی‌ شەهیدان کە پێویستە وەزارەتی‌ پارێزەرو خزمەتکاری‌ کەس‌و کاری‌ شەهیدان بێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر کارەکانى خۆى و حکومەت بۆ هەڵەبجەو دۆسیەى جینۆسایدى هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور، ڕوونیبکاتەوە چی‌ کردووە بۆ هەموو ئەو دۆسیانە لەنێوان دوو شانزەی‌ سێدا بۆچی‌ دۆخەکە هەر وەک خۆی‌ وایە؟ حکومەت لە دۆخی‌ دارایی‌ باشی‌ لەمجۆرەدا نەتوانێت خزمەتی‌ کەس‌و کاری‌شەهیدان‌وجینۆسایدی‌ هەڵەبجەدا بکات، کەی‌ دەتوانێت .

کامەران کەریم