ڕۆژنامەنوسێک بۆ زایەڵە: یەکێتی تاکو دواین هەنگاو پێداگرە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار

(0) / / گفتگو / زایەڵە سەرۆک کۆمار ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد بەرهەم ساڵح


Mar 21, 2022

قەبارەی فۆنت:

نوسەر و ڕۆژنامەنووسێک وێڕای ئاماژە بەوەی کە یەکێتی لەڕێگای لینک و پەیوەندیەکانیەوە کاری بۆ ئەوە کردووە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێتەوە، ڕایگەیاند یەکێتی تاکو دواین هەنگاو پێداگرە لەسەر مافی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نوسەر و ڕۆژنامەنوس لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند،  کاتێک دەگوترێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار بە ماف و ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، یەکێتی داوای شتێکی زیادەی نەکردووە و چاوی لەماف وئیستیحقاقی کەسیش نییە، ئەم پۆستە تەوافوقی کوردییە لەناو تەوافوقی عێراقیدا، واتە کاتێک لە عێراق تەوافوق کراوە لەسەر ئەوەی سەرۆک وەزیران بۆ شیعە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە، سەرۆک کۆماریش بۆ کورد بێت، کوردیش لەناوخۆیدا تەوافوقیان کردووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بۆ پارتی بێت.

وتیشی، یەکێتی تاکو دواین هەنگاو پێداگرە لەسەر ئەم مافە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە کەکاندیدەکانی یەکێتی تەنها وەک پۆستێک نەیانڕوانیووەتە پۆستەکە بەڵکو وەک وەسیلەیەک بۆ خزمەتی پێگەی کورد لە هاوکێشەکاندا پۆستەکەی لەلا گرنگە و لە ڕابردووشدا دەرکەوتووە کە یەکێتی چۆن وای لەو پۆستە کرد کە ئەو لایەنانەی بڕوایان بە پۆستەکە نەبوو، دواجار شەڕی لەسەر بکەن و داوای بکەن.

ڕونیشیکردەوە، یەکێتی لە ڕێگای لینک وپەیوەندییەکانییەوە ئیشی بۆ ئەوە کردووە کە پۆستەکە وەربگرێتەوە، دواجار ئەم پرۆسەیە دەچێتە دەنگدانەوە، تاکو ئێستاش ڕوون نییە ڕۆژی شەممە نیساب تەواو دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یاخود نا .

کامەران کەریم