شارەزایەک لەبواری گەشتوگوزار: سەیران و گەشتوگوزار، زۆر جیاوازن، تێکەڵی یەکتریان مەکەن

(0) / / اقتصادی / زایەڵە گەشتوگوزار نادر ڕۆستی


Mar 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

 نادر ڕۆستی باس لە جیاوازییەکانی سەیران و  گەشتوگوزار و ڕەهەندە جیاوازییەکانی دەکات.

نادر ڕۆستی شارەزا لەبواری گەشتوگوزار  بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  زۆرن ئەوانەی کە سەیران و گەشتوگوزار وەک یەک پڕۆسە دەبینن و تێکەڵی یەکتریان دەکەن، تەنانەت ژمارەیەک بەڕێوەبەر و کاربەدەستی دامەزراوە گەشتوگوزارییەکانیش ئەم هەڵە دەکەن، یان هەندێک کاروچالاکی لەسەیرانگەکان دەکەن و دەڵێن: ئێمە خزمەتی پێشخستنی گەشتوگوزار دەکەین، سەیران پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونییە، تاکەکان و کۆمەڵگا لە پڕۆسەی سەیران کردن چێژ بە دەروونیان دەگات و لە رووی کۆمەڵایەتی پەیوەندیەکان باشتر دەکات،  هیچ ڕەهەندێکی ئابووری  بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی خەرجی نەک داهات، دەبێتە هۆکار بۆ تێکدانی ناوچەکە نەک پەرەپێدان و بوژانەوە.

وتیشی، گەشتوگوزار پڕۆسەیەکی ئابووریی  کۆمەڵایەتی هەمە لایەنە و چەندان رەهەندی جیاواز بۆ سوودی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت، وەک بەهێزکرنی ئابووریی وڵات، بە هێنانی دراوی بیانی بۆ ناو وڵات،  دابین کردنی هەلیکار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان، بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بە دروستکردنی سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆری وەک هۆتێل، چێشتخانە، شاری یاری، پارک و باخچەی جۆراوجۆر، گوندی گەشتیاری هتد،  کرانەوەی کۆمەڵگا و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری وکولتووری، فراوان بوونی پەیوەندیی گشتیی و کۆمەڵایەتی، گرنگیدان بە ژینگەپارێزی وشارستانیەت و ناساندنیان بە گەلانی جیهان، بەهێزبوونی بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەکان و بووژانەوەی کشتۆکاڵ، ئەمەو دەیان سوودی دیکە.

ڕونیشیکردەوە، سەیران و گەشتوگوزار تەنیا لەڕووی سوودی دەروونی وکۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤ هاوبەشن، سەیران بۆ دەروونی هاووڵاتیان و  گەشتوگوزار بۆ دەروونی میوان و گەشتیاران.سەیرانی  سەیران کەر بەیانی دەردەچێت و ئێوارە دەگەڕێتەوە، خواردن و خواردنەوەی لەگەڵ خۆ دەبات، دەچێتە ناوسروشت و ژینگە و سروشت وێران دەکات و هیچ سوودێکی بۆناوچەکە و دانیشتوانی ناوچەکە نییە، زۆرجار ئاپۆڕە و خنکانی رێگاکانی لێدەکەوێتەوە.

باسی لەوەشکرد، گەشتیار زیاتر لە ٢٤ کاتژمێردەمێنێتەوە، هوتێل و چێشتخانە بەکار دێنێ، دەیان پێداویستی و دیاری لە بازاڕ دەکڕێ،  سوود بە پڕۆژەکان  وبەرهەمی پیشەسازی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەینێت و هەلی کاری جۆراوجۆر بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت .

کامەران کەریم