بەڵگە فیلمێک سەبارەت بە شاخەوانی بلیمەتی کورد "محەمەد ئەوراز" ساز دەکرێت

(0) / / ورزش / زایەڵە ئەوراز شاخەوانی هەنگاو


Mar 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەڵگە فیلمی "دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان" سەبارەت بە کەسایەتی و شانازییەکانی شاخەوانی کورد ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" کە بەسەر لووتکەی بەرزیی شاخی ئێڤێرێستدا سەرکەوت، لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئیبڕاهیم سەعیدی" لە ڕێکخراوەی فیلمسازی "لاوان فیلم" ساز دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، "ئیبڕاهیم سەعیدی" کە بە بەرهەمە بەڵگە فیلم و چیرۆکییەکانی خۆی لەوانە: فیلمی سینەمایی "ماندوو" و بەڵگە فیلمی "دایکانی من" سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفال لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی جیهاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی کردووە و هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە؛ لە نوێترین بەڵگە فیلمی خۆیدا، تەرکیزی خستۆتە سەر ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" ئەفسانەی شاخەوانی کوردستان و ئێران و ئەو کەسەی کە بەسەر لووتکەی "ئێڤێرێست" Everest وه‌کوو بەرزترین شاخی جیهان و هەروەها شاخە بەرزەکانی دیکەی دنیادا بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن سەرکەوت و ناویی خۆی بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا تۆمار کرد

سەعیدی لە بەڵگە فیلمی "دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان"دا بە تایبەت باسی ژیان، کەسایەتی و شانازییە وەرزشییەکانی ئەم پاڵەوانە نەتەوەییەی شاخەوانی کوردستان و ئێران دەکات.

لەم بەرهەمە هونەرییەدا هەوڵدەدرێت تاکوو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕەمزەی شاخەوانی جیهان و هەروەها قۆناغەکان و تایبەتمەندییە بێوێنە و پیشەییەکانی ئەم شاخەوانە بەرجەستە بکرێت و شیکاریی لەسەر بکرێت و بە جوانی و بە وردیی بۆ بینەر بخرێتە ڕوو.

ئەم بەڵگە فیلمە، ئێستا لە قۆناغی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دایە، هەر بەم بۆنەیەوە دوا لەو کەسانە دەکرێت کە دەتوانن بە باشتر کردنی ئەم بەرهەمە لە لایەنە جۆراجۆرەکاندا، لەوانە؛ بە ناردنی فیلم، وێنە، بیرەوەریی یا خود هەر بابەتێکی دیکە لەم بارەیەوە یارمەتیمان بدەن و ئێمە بە گەرمی دەستیی  ئەو کەسانە دەگوشین کە یارمەتیمان دەدەن و سپاسی تایبەتیان دەکەین. هیوادارین کە بە هاوکاریی ئێوە بتوانین فیلمێکی شایستە و شیاو لەسەر ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" و پێگەی شانازییەکانی پاڵەوانانەی ئەم شاخەوانە بیرمەندە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا ساز بکەین.

داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە فیلم، وێنە و یا هەر بیرەوەرییەکیان لە شادڕەوان "محەمەد ئەوراز" هەیە؛ لە ڕێگای ئیمەیلی Lavanfilm1344@gmail.com  و ژمارە تەلەفوونی مۆبایلی 00989143421140 پەیوەندیی بە گرووپی دەرهێنان و ستافی بەڵگە فیلمی "دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان" بکه‌ن.

ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" لە ڕۆژی 26ی خەرمانانی ساڵی 1348ی هەتاوی ڕێکەوتی 17ی سێپتەمبەری ساڵی 1969 لە شاری نەغەدە لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە دایک بووە و لە ڕۆژی 26ی گەلاوێژی ساڵی 1382ی هەتاوی ڕێکەوتی 17ی ئۆگۆستی ساڵی 2003 لە کاتی سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "گاشێربرۆمی 1" Gasherbrum I لە وڵاتی پاکیستان بە هاوڕێیەتی لەگەڵ شاخەوانی هەرمانی کورد ڕەوانشاد "موقبیل هونەرپەژووە" لە نزیکەکانی لووتکە و بە هۆی داڕمانی بەهمەن، بە توندی بریندار بوو و بە هەوڵی هەڤاڵانی شاخەوانی خۆی گەیێندرایە نەخۆشخانەی "شیفا" لە شاری ئیسلام ئاباد و دوای 20 ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی 16ی خەرمانانی ساڵی 1382ی هەتاوی ڕێکەوتی 7ی سێپتەمبەری ساڵی 2003 ماڵئاوایی لە ژیان و هەوادارانی کرد.

ئەوراز لە ماوەی ژیانی کورتی شاخەوانی خۆیدا شانازییەکی زۆریی بۆ کۆمەڵگای وەرزشی و لقی شاخەوانی کوردستان و ئێران بەدەستهێنا، کە بریتین لە: سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "راکاپۆشی" Rakapushi بە بەرزایی 7788 مەتر لە وڵاتی پاکیستان لە ساڵی 1998، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "ئێڤێرێست" Everest بە بەرزایی 8849 مەتر، بەرزترین شاخی جیهان، هیمالیا لە وڵاتی نیپال لە ساڵی 1998، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "چو وایۆ" Cho Oyu بە بەرزایی 8201 مەتر، شەشەمین لووتکەی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2000، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "شیشاپانگما" Shishapangma بە بەرزایی 8036 مەتر، سێزدەیەمین شاخی بڵیندیی دنیا، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2000، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "ماکالۆ" Makalu بە بەرزایی 8463 مەتر، پێنجەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2001، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "ئاڕاڕت" Ararat بە بەرزایی 5165 مەتر لە تورکیا لە ساڵی 2001، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "لوتسێ" Lhotse بە بەرزایی 8511 مەتر، چوارەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2001، چوونە سەرەوە تاکوو بەرزایی 7900 مەتر بۆ لووتکەی "گاشێربرۆمی 1" Gasherbrum I بە بەرزایی 8064 مەتر، یازدەیەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای پاکیستان لە ساڵی 2003 و ...

شانازییەکانی دیکەی ئەم شاخەوانە کوردە بریتین لە: یەکەمین کەسی موسوڵمان کە توانی بچێتە سەر لووتکەی "ئێڤێرێست" لە ساڵی 1988، وەرگرتنی بڕوانامەی ڕاهێنانی پلە یەک لە فیدڕاسیۆنی شاخەوانی ئێران لە ساڵی 1999، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی سەرکەوتن بەسەر ڕێگا دژوارەکاندا لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1999، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی ڕێبەرایەتی گرووپی شاخەوانی، لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1999، پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە 2001 و هەروەها پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە 2002.

سینەماکاری مەهابادی "ئیبڕاهیم سەعیدی" بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەی فیلمسازی "لاوان فیلمی موکریان"، دەرچووی کارناسی سینەما لە لقی مۆنتاژە لە کۆلێژی سینەما تەئاتری زانکۆی هونەری تاران کە زیاتر لە 35 ساڵە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا سەرقاڵی چالاکییە و لە درێژایی ئەم ساڵانەدا مۆنتاژ و وێنەگرتنی زیاتر لە 150 کورتە فیلم و فیلمی بڵیند، بەڵگە فیلم و هەروەها فیلمی چیرۆکی لە ئەستۆدا بووە.

مەنسوور جیهانی