نەخۆشی تای خوێن بەربوون / د. ئەحمەد ئیبراهیم ئەحمەد *

(0) / / مقالە / زایەڵە تای خوێنبەربوون ئەحمەد ئیبراهیم ئەحمەد نەخۆشی ئاژەڵ


May 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نەخۆشیەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لە ڕێگای قەڕاد دەگوازێتەوە وئاژەڵی تووش بوو هیچ نیشانەیەکی لەسەر دەرناکەوێت بەڵام مەترسی گەورەی لەسەر مرۆڤ هەیە، لە ڕیگای پێوەدانی قەڕادی تووش بوو بە ڤایرۆسەکە  یان بەرکەوتن بە خوێن و دەرهاویتەی ئاژەڵ و مرۆڤی تووش بوو.

نەخۆشی تای خوێن بەربوون (CCHF)

 یەکێکە لە نەخۆشی درمەکان بەهۆی ڤایرۆسی (Crimean Congo Hemorrhagic Virus) مرۆڤ تووش دەبێت وە دەبێتە هۆی لە کارخستنی چەند کۆئەندامێکی  لەش لە زیندە چالاکی ئەويش لە ڕێگای ئەو کاریگەرە زیان بەخشەی لەسەر موولولەکانی خوێن دروست دەکات و دەبێتە هۆی دەرچوونی شلەی خوێن تێیدا وە هەروەها لە کارکەوتنی کرداری خوێن مەیین وە دروست بوونی جەڵتە وە خوێن بەربوونێکی زۆر کە مەترسیە لەسەر ژیانی تووش بوو هەیە.

هوكاري تاي خوێن بەربوون CCHF

ئەم نەخۆشیە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تووشی دەبێت لە (CCHF virus   genus= Nairovirus , Family= Bunyaviridaem, SPP)هۆکاری گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە کە ڤایرۆسی (بونیا) بە نەخۆشییەکی کوشندە و مەترسیدار هەژمار دەکرێت و خێرا بڵاودەبێتەوە و دەگوازرێتەوە کە ڕێژەی مردن تێدا( ١٠٪ – ٤٠٪ ) لە سەدایە ئەم نەخۆشییە لە کیشوەری ئەفریقا و بەڵقان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لە نێوانیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان لەم ساڵانە دا ئەم نەخۆشییە لێرە و لەوێ سەری هەڵداوە و تۆمارکراوە، وە ئەو وڵاتانەی دەکەونە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا لە کانگای ئەو جۆرەی (قڕادەیە Tick Hyalomma dromedarii  , H. Rhipicephalus, H. Boophilus, H. Dermacenter, H. Ixodes).

ڕێگای گواستنەوەی نەخۆشییەکە:

کە ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە لە ڕێگای (قەڕادی تووش بوو یان ئاژەڵی ڕەشە وڵاخی تووشبوو- گۆشت – دەرهاوێشتەی ئاژەڵی تووش بوو) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە وە لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤ لە ڕێگای بەرکەوتن بە تووش بوو یان دەرهاوێشتەکان ئاژەڵی ماڵی و بە تایبەتی رەشە وڵاخی تووش بوو دەگوازرێتەوە هیچ نیشانەیەکیان لەسەر دەرناکەوێ وئاژەڵی تووش بوو باری گشتی باشە،

هەروەها بەهۆی گەستنی قەرادی تووش بوو ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسانە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵی تووش بوو بە قەڕاد دەکەن یان بەرکەوتنیان لەگەڵ بەرووبوومی وەک گۆشت و خوێنی ئاژەڵی تووش بوو بە ڤایرۆسەکە هەیە.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە

ماوەی تەنێنەوەی ئەم نەخۆشییە (١-٦ ڕۆژە) ماوەکە پەیوەندی هەیە بە باری تەندروستی و تەمەنی کەسی بەرکەوتە لە دوای وەرگرتنی ڤایرۆسەکە لە ئەنجامی گەستنی قرادی تووش بوو. لە لایەکی تر ماوەی تەنێنەوەی ئەم نەخۆشییە (٥ – ١٣ ڕۆژە) لە کاتی بەرکەوتن بە خوێن و گۆشت و دەرهاویشتەکان تووش بوو دوای ئەو ماوەیە نیشانەکان بە کت و پڕی سەرهەڵدەدات وەک( تای بەرز، ئازاری ماسوولکە و سەرسوڕان و ئازاری مل و پشت ئێشە و سەرئێشە و سووربونەوەی چاو و هەستەوەرزیاد دەبێ بەرامبەر ڕووناکی) بەڵام ئەو نیشانانەی لە سەرەتای نەخۆشی سەرهەڵدەدات بریتییە لە هەست کردن بە دڵ تێکهەڵچوون و ڕشانەوەو سکچوون، ئازاری سک لە بەشی سەرەوەی لای ڕاست و سووربونەوەی قوڕگ دواتر باری تەندروستی خراپتر دەبێت وەک بێ هێزی و خەوالوو و توانای هەستانەوەی نامێنێ، دلە کووتە و دەرکەوتنی پۆرکی سوور لەسەر پێست و ناو دەم (کدمات) کە بۆ ماوەی( ٢-٤ ڕۆژ) دەخایەنێ.

دوای ئەوە کۆئەندامە سەرەکییەکان تووش بوو لە کار دەکەوێت لە کۆتادا دەمرێت. ئەمەش ڕوودەدات لە هەفتەی دووەمی نەخۆشییەکە ڕێژەی مردن لە نێوان (١٠٪ – ٤٠٪ ) لە سەدا دەبێت.

 هەموو حاڵەتێک نیشانەی تای بەرزی هەبوو لەگەڵ هەبوونی خوێن بەربوون بە تایبەت ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵ ئاژەڵ گوومان لە تووش بوونی دەکرێت،

 هەموو کەسێک بەرکەوتنییان هەبوو لەگەڵ حاڵەتی تووش بووی سەرەوە هەبێت ئەوانە بە تووش بووی هەژمار دەکرێت تا ئەو کاتەی بە پشکنین یەک لایی دەبێتەوە کە سەلامەتن (ئەنجامی پشکنینیان نێگەتیڤە).

بەڵام ئەو حاڵەتانەی کە نیشانەکان و بەرکەوتەیان هەبوو لەگەڵ تووش بوو وە پشکنینی تاقیگەی

 (IFAT-CFT-ELISA) پۆزەتیڤە پشت ڕاست کرایەوە ئەوا بە تووش بووی ڕاستەقینە هەژمار دەکرێت.

 پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە تەنها شووشتنی ئاژەڵەکانە بە قڕکەرەکان مانگی جارێک لە وەرزی هاوین و پایز بۆ لە ناوبردنی قڕاد لەسەر پێستی ئاژەڵەکان، وە رشاندن هۆڵ و دەورووبەر وە چاودێری کردنی و ڕێنمایی کردنی ئەو کەسانەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکان دەکەن.

ڕێگاکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە:

    قەڵاچووکردنی قەڕاد بە ڕێگای ڕشاندن قڕکەرەکان مانگی جارێک لە هۆڵ  و شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵ و مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ و دەورووبەری کوشتارگە و ئەو شونانەی گومانی بوونی قەرادی لێ بە دی دەکرێت.

    دوورکەوتنەوە لە قەڕاد و کۆکردنەوەیان و کوشتنی بە دەست لەسەر پێستی ئاژەڵ.

    پزیشکانی ڤێتەرنەری و کارمەندانی کوشتارگەکان و کارمەندانی تاقیگە پێویستە کەل وپەلی خۆپارێزی بەکاربهێنن لە کاتی ئەنجام دانی پشکنین و کارکردندا.

    دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی چڕ ئاژەڵی تێدایە وەک مەیدانی ئاژەڵ، پێویستە زیاتر پابەندی ڕێنمایی بن وە دەورووبەریان بە قڕکەركونجاو بڕشێنن.

    ڕێنمایی ئاژەڵداران دەکەین لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان لە کاتی سەربڕین پێویستە دەست کێش و دەمامک بەکاربهێنن.

    شوشتنی ئاژەڵی جوانی ئاژەڵ و ئاژەڵی تووش بوو بە قڕاد بە ماددەی قڕکەرەکان مانگانە لەم وەرزەدا وە دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵی دوور لە ڕێنماییەکان.

    پێویستە هاوڵاتیان گۆشت لە سەرچاوە باوەڕپێکراو و تەندروستەکان بکڕن کە مۆری کوشتارگەی لەسەر بێت.

    کوڵاندنی گۆشت بە شێوەیەکی باش و دروست، وە بەکارهێنانی چەقۆ و پێداویستی تایبەت لە کاتی ئامادە کردنی گۆشت، وە دەست و کەل و پەلەکان بە جوانی بشورێت دوای ئامادەکردنی گۆشتەکە.

    لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکە.

پێشنیارەکان:

    پێویستە ساڵانە لەم وەرزەدا دراسەی وەبائی بۆ ئەم نەخۆشییە بکرێت، بۆ هەڵسەنگاندن و پێش گیری لە نەخۆشییەکە.

    پێویستە ساڵانە پشکنینی ایلایزا بۆ ژمارەیەک ڕەشە وڵاخ بکرێت، بە مەبەستی دەست نیشان کردنی پێش وەخت. (Seroprevalence).

    پێویستە ساڵانە دەرمانی قڕکەر و بووجەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ هەڵمەتی قەڵچۆکردنی قەڕاد.

    پێویستە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان لەم وەرزەدا تووندتر بکرێت.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر

زانکۆی سەڵاحەددین - هەولێر