نوسەرێک بۆ زایەڵە :بەغدا، هەولێر، سلێمانی هاوکێشەیەکی فریودەرانە

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەولێر سلێمانی کامیل مەحمود


May 12, 2022

قەبارەی فۆنت:

کامیل مەحمود نوسەر لەهەرێمی کوردستان  لەوتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری  زایەڵە ڕایگەیاند،  لەساڵی ۲۰۱٤و دوای ئەوەی هەولێر ئابووری سەربەخۆ و تەئمیمی نەوتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەغدای موفلیس بوجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت و نەوت و داهاتە سەربەخۆکەی هەولێریش نەیتوانی ئەو بۆشاییە ئابووریەی بۆ هەرێم و بە تایبەت بۆ ژیانی خەڵک دروست بوو پڕی بکاتەوە، لە کۆتاییدا هەر خەڵک زیانمەند بوو کە تا ئێستاش زیانەکان بەردەوامەو بەباخەڵی فەرمانبەرو کاسپکاری ناوبازاڕیشەوە دیارە، هەولێریش هەموو ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی بەغدا.

وتیشی، ئێستا زۆربەی قەیران و مووچەبڕین و ئابڵوقەکە لەسەر سلێمانی یان ڕاستتر بڵێین زۆنی سەوز چڕ کراوەتەوە و هەولێر دەڵێت سلێمانی داهاتەکە ناگێڕێتەوە خەزێنەی گشتی وکورتهێنان و قەیرانی مووچە ئیدارەی زۆنی سلێمانی لێی بەرپرسیارە، دەسەڵاتی سلێمانیش دەڵێ دەسەڵاتداریەتی زۆنی زەرد کێشەی بۆ موچەی فەرمانبەران دروست کردووەو ئابڵوقەی لەسەر زۆنەکەیتر داناوە، دیسان لێرەشدا ئەوەی زیانی بەرکەوتووە خەڵک و بەتایبەتی فەرمانبەرانە، کەواتە لەنێو ئەم ئاڵۆزیانەی نێوان بەغداو هەولێرو سلێمانیدا کێ لەم هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسیە بەرپرسیارە. بەسەرنجێکی خێرا لەم هاوکێشە نائاڵۆزەی کە هەموو کەس لێی تێ دەگات وردبینەوە دەبینین وەزیرو گزیری پارتی لەبەغدا تەراتێن دەکاو لەڕووی پەیوەندی حزبیی و بەرژەوەندی دوو لایەنەوە کێشە لەئارادا نییە، ئەگەر بەغدا لەمەینەتییەکانی کوردستان بەرپرسیارە خێرە بۆ هەفتەیەکیش بێت وەزیرو بەرپرسەکانیان ناگەڕێننەوە هەولێرو قەیرانێکی سیاسی ماندووکەر بۆ بەغدا درووست بکەن .

ڕونیشیکردەوە، بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی و لە ئیدارەی زۆنی سەوزی یەکێتی دەپرسین ئەگەر دەسەڵاتی زەردی پارتی لەئابڵوقەو قەیرانی مووچەو کێشەکانی زۆنەکەتان بەرپرسیارە خێرە لەهەولێر ماونەتەوەو کەسی دووەمی یەکێتی بەتەنیشت سەرۆکی حکومەتەکەی پارتییەوە لەناو خەندەو غەزەلی سیاسیدا نغرۆ بووەلەپارتیش دەپرسین خۆ هەمان هۆکاری قەیرانی ئێستای دارایی سلێمانی کەئێوە باسی دەکەن و هەندێ ڕاستیشی تیایە هاوشێوەی هەمان هۆکاری قەیرانی ئابوری هەرێمە کە بەغداش دەیداتە پاڵ ئێوەو ئەوانیش لەبەرامبەر هەولێردا هەمان قسەی ئێوە دەکەن کەبەرامبەر زۆنی سلێمانی دەیکەن، ئەگەر ئەوەی ئێوە ڕاست بێت ئەوەی بەغداش ڕاستە، کەواتە لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین کە شەڕی ئێرە لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ یەکتر لە کوردستان شەڕی پارەو پشک و باخەڵی حزبە و دوورو نزیک بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێم و خەڵکی زۆنەکانی ناو هەرێم لەناوململانێکاندا بوونی نییە، کێشەی دابەشکردنی غەنیمەی داهاتی دەستبەسەرداگیراوی هەرێم بنەمای کێشەکانە، ئەم دۆخە ئابڕووبەرەی ئێستای هەرێمیش بۆخۆی دەبێتە ئەستۆپاکی بۆ بەغداو دەیسەلمێنێت کە دەسەڵاتی کوردی بەهەردوو زۆنەکەوە لەمەینەتییەکانی ئەم  ساڵانەی ڕابردووی خەڵکی کوردستان بەرپرسیارە .

کامەران کەریم