سۆمۆ باس لە نایاسایی بوون و خەساری گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەکات

(0) / / اقتصادی / زایەڵە سۆمۆ نەوت عێراق


May 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کۆمپانیای نیشتیمانیی بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بە نایاسایی و نادەستووری ناوبرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم گرێبەستانە خەسار لە وڵات دەدەن.

 سۆمۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە جۆری کرێ نین، بەڵکوو لە جۆری هاوپشکین لەگەڵ کۆمپانیاکان، جگە لەوەی گرێبەستەکان بەشێوەی دوو بە دوو کراون، نەک زیادکردنی ئاشکرا، بۆیە مافێکی زۆر دراوە بە کۆمپانیاکان".

ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەروەها لە گرێبەستەکاندا بەڵێندەرەکان بەخشراون لە باج و ڕێگەدراوە قازانجەکانیان چەند جار بەرزببێتەوە بەبێ ئەوەی باجیان لێوەربگیرێت کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای باجە لە عێراق کە لە ساڵی 1982 هەموارکراوەتەوە".

لە ڕاپۆرتەکەی سۆمۆدا ئەوەش هاتووە: "هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بەو پشکانەی بۆ عێراق دیاری کراوە بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆپێک کە ئەوەش خراپ بەسەر پشکەکانی عێراقدا شکاوەتەوە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی عێراق کەم بێت سەرباری ئەوەی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی داوە".

کۆمپانیای سۆمۆ دەشڵێت: "واژۆ کردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان پێچەوانەی دەستوورە، چوونکە ئەوە تایبەتمەندی حکوومەتی فیدڕاڵییە و نەخشەکێشان و سیاسەتی نەوت و گاز لە ئەستۆی ئەودایە و بە بازاڕکردنی نەوت و گازیش بەشێکە لە بازرگانی دەرەکی و تایبەتمەندی حکوومەتی فیدڕاڵە".

سۆمۆ ئاماژەی بەوەش کردووە: "مەرجە داراییەکانی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی خراپترە لەوانەی عێراق و ئەوانەی عێراق دەرفەتی باشتری تێدایە، چوونکە لە گرێبەستەکانی هەرێم پشکی نەوت بەخشراوە بە بەڵێندەرەکان لەگەڵ مافی مامەڵەکردن بەو بەشە نەوتەی خۆی و فرۆشتنی لەهەر کوێیەک کە خۆی دەیەوێت کە ئەوەش پێچەوانەی مادەی 11ی دەستورە".

کۆمپانیاکە ڕوونیشی کردووەتەوە: "مادەی 11ی دەستووری عێراق دەڵێت، نەوت موڵکی گەلی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان بەخشیویەتی بەو کۆمپانیا و بەڵێندەرانە."

سۆمۆ ئاماژەى بەوەش کردووە، حکوومەتی فیدراڵی مافی چاودێری و سەرپەرشتی ئەو کێڵگانەی هەیە کە لە داهاتوودا ئەگەری دۆزینەوەیان هەیە".