نوێنەری  دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا بۆ زایەڵە: داوای دامەزراندن دەکەین

(0) / / گفتگو / زایلە زایەڵە ماستەر دکتۆرا سەروەر ئەبوبەکر ئەحمەد


Jun 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەروەر ئەبوبەکر ڕایگەیاند وەک دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا لە ماوەی ساڵانی ڕابوردوودا ڕەچاوی باری دارایی حکومەتمان کردووە بەوەی کە زۆربەمان لە زانکۆکانی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی میلاک بەشێوەی وانەبێژ و خۆبەخش و وانەبێژی دەرەکی خزمەتی پڕۆسەی خوێندنمان کردووە وبەردەوامین لە خزمەت وەک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی نیشتمانی.

 سەروەر ئەبوبەکر ئەحمەد نوێنەری دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، ئێمە کۆمەڵێک هەڵگرانى بروانامەى ماستەر و دكتۆراين لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ تا خانەقین کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکی دارایی خۆمان و خێزانەکانمان بڕوانامەمان بە دەست هێناوە و دواتر لەوەزارەتی خوێندنی باڵا بڕوانەماکانمان یەکسانکراوە و ئامادەین بۆ خزمەتکردن تائێستادانەمەزراوين، لەماوەی ساڵانی ڕابوردوودا ڕەچاوی باری دارایی حکومەتمان کردووە بەوەی کە زۆربەمان لە زانکۆکانی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی میلاک بەشێوەی وانەبێژ و خۆبەخش و وانەبێژی دەرەکی خزمەتی پڕۆسەی خوێندنمان کردووە وبەردەوامین لە خزمەت وەک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی نیشتمانی.

وتیشی،  لە بەرواری ١٠/٦/٢٠٢١ دەستەی نوێنەرانمان لە گشت دەڤەرەکانی کوردستان سەردانی بەڕێز د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانمان کرد دوای گفتوگۆ و گەنگەشەکردنی کەیسەکەمان بەڕێزیان نووسراویان بۆ کردین بۆ وەرگرتنی ڕای وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دارایی و ئابووری وپلاندانان، سەبارەت بە دامەزراندمان لەسەرمیلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا پاشان بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ بڕیاردان.

ڕونیشیکردەوە،  دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووری بەنووسراوێک وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی داوەتەوە و تیایدا ئاماژە دەکات بەوەی کە دەکرێت بە پێی پێویستی دابمەزرێن هەروەها وەزارەتی پلاندانان وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی داوەتەوە بە لاری نەبوون، هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی دوای دیراسەکردن بۆ پێویستی زانکۆکان بە میلاک بە نووسراو وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی داوەتەوە تیایدا جەخت لە پێویستی دامەزراندمان دەکات بەشێوەی هەمیشەیی لەبەر کەمی میلاک لە زانکۆکان و پێویستیان بە ڕاژەکانمان.

هێمای بەوەشکرد،  پاشان سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران لیستی ناوەکان و داواکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای ئاڕاستەی وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و پلاندان کرد بە مەبەستی تەرخانکراویی دارایی و هێنانە کایەی پلەی وەزیفی دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووری وەڵامی داوەتەوە بە ئاماژەدان بە بڕی مووچە و دەرماڵەکانمان، هەروەها وەزارەتی پلاندان لارینەبوونی خۆی نیشاندا بۆ هێنانە کایەی پلەی وەزیفی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.دواتر چەندین جار پەیوەندیمان بە سەرۆکایەتی دیوان و سکرتارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزەوە کردووە و لە نزیکەوە د. ئومێد سەباح و دکتۆر ئامانجمان بینیوە بەڵام هێشتا وەڵامێکی ئەرێنی دڵخۆشکەرمان پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دامەزراندمان و نەخراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە .

ئەوەشی خستەڕوو،  بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان بەدواداچوونێکی وورد و کاری جدی لەسەرکەیسەکەمان بکەن و پاڵپشتمان بن بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.

سازدانی چاوپێکەوتن- کامەران کەریم