زایەڵە - کورد لەمێژە وەک نەتەوە خەبات و قوربانی داو توشی دردەسەری و جینۆساید کیمیاباران و ئەنفال بوو بەدەست حکومەتە دکتاتۆرە یەک بەدوای یەکەکان لە عێراق، تا هەڵکەوتنی هەلێک توانرا هەلەکە بقۆزرێتەوە و کیانێک لە شێوەی هەرێم درووست بکرێت. تائێرە ئاساییە.
ئەوەی نائاساییە کاتێک لەم هەرێمە چەند ملیۆنیە دەسەڵاتێک درووست دەکرێت بۆ ئەوەی خزمەت بەهاونیشتیمانیان بکرێت، دوای ماوەیەک ئەم دەسەڵاتەش حەزو خولیای ئەوەی لا دروست دەبێت ئازار و میحنەت بۆ خەڵک بێنێت. دوای چەندین ساڵ لە حوکمڕانی بەناو خۆماڵی تادێ هەژاری و قات و قڕی و ناگبەتی و کۆچ و زۆربونی دیاردە قێزەونەکانی کۆمەڵایەتی زیاترو زیاتر دەبێت.
هۆکاری جەوهەری خودی کارەکتەرە سیاسی و دەوڵەتیەکانن کە لەسەر ئەساسی بڕوا بوون بە نەتەوە و خاک گۆش نەکراون و ڕانەهێنراون . لەسەر مەنهەجی ئاغاوات پراکتیزەی ژیان دەکەن،عەیامێکە زروفی دیوەخان و ئاغاوات بەسەرچووە بەناو سیاسەتمەدارانی ئێمە بەردەوام خولیای مەنهەجی دیوەخانن، ئێمە چۆن دەوڵەتداریمان پێ دەکرێت لەکاتێکدا دەرەبەگ ئاغا لە فۆرمێکی نوێ کارەکتەری دەوڵەت و سیاسی بەرهەم دێنن و دەبێت دەسەڵاتدار و سیاسی دەرچووی دیوەخان بێت ئەگینا چەندە شارەزا و لێهاتوو لێزان بێت تەزکیەی دیوەخانت نەبێت تورێک ناهێنێ.
گۆڕانکاریەکان زۆر خێران ئێمه ناتوانین بەفاڵگرتنەوە یان خۆگێل کردن و خۆکەڕکردن گۆڕانکاریەخێراکان بخوێنینەوە، پێم سەیرە سیاسیەکانی ئێمە ئەم هەمووە گلەیی و نادادی ونادادپەروەریە نابیستن، ناکرێت تۆ جێگایەک هایلای بژیت و میلەتەکەش برسی.
ئێمە نەسڵی ئێستامان وایان لادرووست بووە کە خەبات و بەرخۆدانی ساڵانی ڕابروومان بەهەمەجیەت و بەربەریەت داناسێنن ناهەقیان نیە، نەسڵی ئێستا چاوی کراوتەوە کۆمەڵێک چەتە دەبینێت حوکمی دەکەن، خەڵکی دڵسۆز و باش ئاوت دەکرێت.
دەبێت ئێمە کۆڵ نەدەین نەکەوینە ناو چوارچێوەی سیاسیەتی دیوەخان و کاربکەین فکرمان ئایدیامان زیاتر بکەینەوە، ناکرێت ئەوەندە تاکی کورد تێک بشکێنرێت، دبێت لە شوێنێکدا ورگ زلەکان تێر بخۆن و ئاوڕێک لە خەڵکە سڤیلەکەش بدەنەوە. ئەگەر نا جامەکە پڕبووە.
کامەران کەریم- ڕۆژنامەنوس