زایەڵە - کازمی و بایدن جەختیان کردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە هاوبەشی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات.

بە گوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ (شەممە) ناوبراو لەپەراوێزی لوتکەی جەدە لە سعودیە،چاوی کەوت بە جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا و هەردوولا چەندپرس و بابەتێکیان تاووتوێ کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەرژەوەندی هەردوولایە و سەروەری عێڕاق پتەوتردەکات وخاکەکەی دەپارێزێت.

هەردوو سەرۆک جەختیان لەوە کردەوە کە پابەندن بە هاوبەشی دووقۆڵی بەپێی ڕێککەوتنی ستڕاتیژی نێوانیان و بەردەوامبوون لە هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

هەردوولا جەختیشیان لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتێکی عێڕاقی نوێ وڕێزگرتن لەدیموکراسیەت وسەربەخۆیی کرد ، بایدن باسی لەگرنگیدانی ئەمریکا کرد بەعێڕاقێکی ئاوەدان و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری بەهەرێمی کوردستانیشەوە.

هەروەها هەردوولا پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاند بە ڕێککەوتنی ستڕاتیژی کە پەیوەندیە ئابووری و ڕۆشنبیری و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات ڕێکدەخات.

لەهەمان کاتیشدا جەختیان کردەوە سەر پتەوکردنی دەزگا دیموکراتیەکانی عێڕاق بەشێوەیەک کە سەقامگیری بۆ وڵات بەدەستبهێنێت.

هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر هاوکاری پتەوی نێوانیان لەبواری ئەمنی وسەربازیدا بۆ نەهێشتنی تیرۆر.

هەروەها لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە ڕۆڵی هەرێمایەتی عێڕاق کرد بەتایبەتی لەبواری متمانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.

بایدن لەلایەن خۆیەوە ستایشی کۆششەدیبلۆماسیەکانی کازمی کرد بۆ سەقامگیرکردنی بارودۆخەکە.

هەروەها ئەو ڕێککەوتنەمێژووییەی لەنێوان عێڕاق ودەستەی بەستنەوەی کەنداو وزە بۆ عێڕاق دابیندەکات.

هەروەها هەردوو وڵات جەختیان کردەوەلە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاکو متمانە بە دەزگاکانی عێڕاق پتەوتربێت وئابووریش گەشەی زیاتر بکات.

هەروەها بایدن دەسپێشخەریەکەی کازمی بەرزنرخاند بۆ کۆبوونەوەی سعودیە و ئێران لە بەغداد، هەروەها بایدن کاری دیپلۆماسی کازمی بەرزنرخاند بۆ ساقامگیرکردنی ناوچەکە وستایشی پەیوەندی جیاکاری نێوان عێڕاق وئوردن و میسڕ کرد کە بەپاڵپشتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆک وەزیران کازمی جەختی کردەوە لە پابەندبوونی خۆی بەبەردەوامبوون لەسەر نزیککردنەوەی وڵاتانی دراوسێی عێڕاق و دۆستەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان ودابینکردنی سەقامگیریەکی بەردەوام.