زایەڵە – مێرمنداڵی لوڕستانی کە بە هەموو زمان و زاراوەکانی ئێران لەوانە؛ لوڕی، لەکی، کوردی، فارسی و ئازەری گۆرانی پێشکەش کرد، بە هۆی دەنگ و ئەدا ناوازەکەی بوو بە یەکەمی پڕۆگرامی بەناوبانگی عەسری جەدید لە تەلەفزیۆنی نیشتمانیی ئێران.
بەرنامەی عەسری جەدید کە تایبەتە بە دۆزینەوە و ناساندنی توانا و لێهاتووییە نەبیراو و نەدۆزراوەکان و سێهەم ئەڵقەی لە تەلەفزیۆنی ئێران بەڕێوەبرد، ئەمجارە مێرمنداڵێکی دەنگ خۆشی بە ناوی "عەلی تۆڵابی" ناساند کە بە ١٣ ساڵ تەمەنەوە توانی دەنگی ٥ ملیۆن و ۵۶۲ هەزار و ٤٥٣ هاوڵاتی بۆ خۆی ڕابکێشێ و ببێتە یەکەمی ئێران.
تۆڵابی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان و بە ڕەگەز لەکە و لە پڕۆگرامی عەسری جەدید سترانی لەکی، لوڕی، ئیلامی، کوردی، کەلهوڕی، فارسی و ئازەریشی پێشکەش کرد و بە دەنگە شاز و ناوازەکەی سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
ئەم دەنگە زێڕینە خەڵات و تەندیسی ئاڵتۆنی عەسری جەدیدی بردەوە.
پڕۆگرامی عەسری جەدید ٢٢ ملیۆن و ٧٧٧ هەزار دەنگی بینەرانی تۆمار کرد.