زایەڵە - سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان کەمتەرخەمن بەرامبەر بە بریندارانی کیمیایی و لەبری چارەسەر کردنی نەخۆشییەکانیان و زیادکردنی مینحەکەیان، یەکێکیان ستەمی یاسادانانیان لێ دەکات و ئەوی تریشیان بەمەرگیان دەسپێرێ و ئەو تروسکاییەی هەیان بوو بۆ ژیان خامۆشی دەکات."

لوقمان عەبدولقادر  سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند ،ڕەوشی بریندارانی چەکی کیمیایی تا دێت خراپتر دەبێت و لایەنەپەیوەندیدارەکانیش هێدی هێدی خۆیان دەدزنەوە لە چارەسەری کێشەکانیان و بەرپرسیارێتی بەرامبەریان، بەشێوەیەک چارەنووسیان بەقەدەر سپاردوون و بەرەو دواڕۆژێکی دژوارترو ترسناکتر ڕێ دەکەن.نزیکەی سی و پێنج ساڵە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ململانێیانە لەگەڵ مەرگداو هەر چەند ڕۆژێک ئازیزێکیان بێ نازانە و بە ئازارێکی زۆرەوە شەهید دەبێ و لەناومان نامێنێت، بێ ئەوەی لایەنە تایبەتمەندەکان خۆیان بکەن بە خاوەنیان و بیانکەن بە خەمی خۆیان وەک ئەوەی ئەم بریندارانە هەموو تەمەنیان ئازارو ژان نەبووبێت و دەریایەک خوێن و فرمێسکی بەردەوامیان پێشکەش بەکوردو کوردستان نەکردبێت ، بەڵکو تاوانێکی گەورەیان ئەنجام دابێت .

بریندارانی کیمیایی شەهیدی زیندوون و زۆربەشیان چەندین کەسی پلە یەکیان لە کیمیاباراندا شەهیدبوون . حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان کەمتەرخەمن بەرامبەر بە بریندارانی کیمیایی و لەبری چارەسەر کردنی نەخۆشییەکانیان و زیادکردنی مینحەکەیان، یەکێکیان ستەمی یاسادانانیان لێ دەکات و ئەوی تریشیان بەمەرگیان دەسپێرێ و ئەو تروسکاییەی هەیان بوو بۆ ژیان خامۆشی دەکات.

وتیشی،  هەرچەندە زۆر نائومێدین لەبەدەمەوە هاتنمان بەڵام بەناچاری ئەم خاڵانە دەخەینە بەردەستان تاوەکو بەهانامانەوە بێن.بە پێچەوانەوە ناچارین لەبەردەم پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە تا مانگ گرتن ئەنجام بدەین بۆ تێگەیاندنی ڕای گشتی ناوخۆیی و جیهانی لە گرفتەکانمان و فەرامۆش کردنمان لەلایەن دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستانەوە. یەکەم  چارەسەری بەپەلەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە دەرەوەو ناوەوەی هەرێم،  بە دابین کردنی بودجەکی ساڵانە بۆیان و، چیدی دەستی دەستیان پێ نەکرێ و وەک دەروەزەکەر مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت.دوو چارەسەر کردنی کێشەی برینی مینحەی بەرکەوتووانی کیمیایی، وەک لەیاسای چاکسازیدا هاتووە کە دەبێت ببڕدرێت ، بۆ ئەوانەیان کە موچەی وەزیفیان هەیە لەدام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. دەبێت هاوشێوەی زیندانیانی سیاسی ئیستیسنا بکرێن لەیاسای چاکسازیداو پەرلەمان، دەبێت ئەو یاسایە هەموار بکاتەوە بۆیان و مینحەکانیان بەردەوام بێت، ئەو مینحانەی پێشوشیان کە وەریان گرتووەو حکومەت داوای دەکاتەوە نەگەڕێنرێتەوە؛ چونکە ئەو مینحەیە لەبری خەرجی ڕۆژانەیانە بۆ چارەسەری برین و گرفتە تەندروستییە جۆراو جۆرەکانیان و، زۆر ناڕەوایە لەگەڵ کارمەندە حکومییەکانی تردا هاوشان بکرێن و، وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. سێیەم نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی کیمیایی نەهێڵرێت چیدی بەلاڕێدا ببرێت و لەو ئەرکەی کە بۆی دیاریکراوە دوور بخرێتەوەو، بێجگە لە چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی چارەسەری هیچ جۆرە نەخۆشی و نەخۆشێک لەخۆ نەکرێت و  هیچ کەسێک بەهەر ناوێکەوە بێت بەناڕەوا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاری نەهێنێت.چوارەم پرۆژە یاسای داددپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانی نێودەوڵەتی، کە ماوەیەکی زۆر پێشکەش بەپەرلەمانی کوردستان کراوە بە زوویی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوەو پلەی خێرای پێ بدرێت، تا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بکرێت بە یاسا، بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانی نێوەدەوڵەتی و دادگایی کردنی تاوانباران لەدادگاکانی وڵاتانی دونیاو کوردستان.پێنجەم  پێشنیازە یاسا یاخود پرۆژە یاسای ما ف و ئیمتیازەکانی بریندارو بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستانەوەو بەزوویی بڕیاری لەسەر بدرێ و بکرێت بە یاسا تا چیدی بریندارانی کیمیایی لە فەرامۆش کراویدا نەمێننەوە.شەشەم  دەبێت لیژنەیەکی پزیشکی پسپۆڕ دیسانەوە پێداچووتەوە بکاتەوە بە لیستی بەرکەوتووانی کیمیاییداو، ئەوانەش کە تا ئێستا نەبینراون لەلایەن لیژنەی پزیشکییەوە ببینرێنەوەو، ئەوانەش بە ناڕەوا خزێنراونەتە نێو لیستی بریندارانی کیمیاییەوە دەربهێنرێن و، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت کە ئەو کەسانەیان بە برینداری کیمیایی بە ناڕەوا هەژمار کردووە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم