زایەڵە - بەڕێوەبەرایەتیى باخچەکانى سلێمانیی هۆشداریی لە وشکبوونی باخچەکان دەدات و دەڵێت، وا بڕوات ئەم هاوینە زۆرینەى باخچە و پارکەکانى شار وشک دەبن. ئەوان دەڵێن هۆکارەکە تەواوبوونى گرێبەستى ئەو کۆمپانیایەیە کە کارى بەڕێوەبردنى هەردوو بلوارى تاسلوجە و مەلیک مەحموود و پارکى هەوارى شار دەکات.
بەهرۆز سالار، سەرپەرشتیارى باخچەکانى سلێمانى دەڵێت، گرفتى گەورەى ئێمە ئەوەیە کە پێش جەژن کۆمپانیاکانى ئاودان و بەڕێوەبردن بەهۆى خەرجنەکردنى پارەوە مانیان گرت، دواتر بە هەوڵى سەرۆکى شارەوانى، بەردەوام بوون تا دواى جەژن، ئەوان ئەگەر کار بوەستێنن، مەترسى لەسەر سەوزاییەکانمان دروست دەبێت، چونکە ئێمە نزیکەى نیوەى ئاودان و بەڕێوەبردنمان لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوەیە .
هاوینى رابردوو، رووداو بەدواداچوونى کرد بۆ مەترسیى وشکبوونى باخچە و پارکەکانى سلێمانى، چەند رۆژ دواتر مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە خەرجکردنى نزیکەى 3 ملیار دینار بۆ کاروبارى و سەوزاییەکانى سلێمانى، وا ساڵێک بەسەریدا تێپەڕى و کۆمپانیاى جێبەجێکار لە 80%ـی کارەکانى تەواو کرد، مانگى 9 وادەى گرێبەستەکەى کۆتایی دێت و هێشتا نیوە زیاترى پارەکانى وەرنەگرتووە.
دانا ئەحمەد، سەرپەرشتیارى پارکى مەلیک مەحموود دەڵێت، ئەو ئاوەى کە بۆیان دەچێت پاک نییە، بەڵام ناچارن بەردەوام بن لە ئاودێران، چونکە دارەکان وشک دەبن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم