زایەڵە – سەرۆکانی کۆماری ئێران، روسیا و تورکیا لە لوتکەی تاران جەختیان لەسەر چارەسەریی قەیرانی سوریا کردەوە و هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە ئاشکرا کرد.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی: "تەنیا رێگەی سەقامگیری و ئاسایش لە سنوورەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئامادەبوونی بەهێزی سوپای ئەو وڵاتەیە لە سنوورەکان و هەبوونی هاوکاریی ئەو هێزە لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەردا."

وتیشی: "ئەزموونە جیاوازەکان دەریانخستووە کەوا پێشیلێکردنی سەروەریی سوریا هیچ یارمەتیدەر نەبووە لە دابینکردنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە رێزدانان بۆ سەرەوەریی نیشتمانی و سەربەخۆیی سووریا، بنەمایەکی نەگۆڕە".

 

هاوکات سەرۆکی روسیا رایگەیاند:"هەر هەنگاوێک بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا، پێویستە بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بێت و چارەسەری دۆخەکەی لەوەدا بینی کە هەموو سووریا بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەو وڵاتە. "

 ڤیلادمیر پۆتن، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد: "جەخت لەوە دەکەمەوە کە دۆخی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادا نین، جۆرە نیگەرانییەکیان دروستکردووە، ئێمە هەڕەشەی راستەقینەی تاوان، پەڕگیری و جیابوونەوە لەو ناوچانەوە دەبینین. هێڵێکی رووخێنەری وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە رادەیەکی زۆر یارمەتیدەری ئەوەیە."

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕیگەیاند: "کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە بە مەودای 30 کیلۆمەتر لە سنوورەکانمان، مەرجی دانوستاندنەکانی پێشوومان بوو، بەڵام ئەمە هێشتا جێبەجێنەکراوە. تل رفعەت و منبج بوونەتە لانکەی تیرۆر. "

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند:"دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە ئەو ناوچەیە لە تیرۆر پاک بکرێتەوە. چاوەڕوانیمان لە هاوبەشانی ئەستانەمان ئەوەیە، لە هەوڵەکانمان بۆ سەقامگیریی سووریا بە شێوەیەکی دروست پشتیوانیمان بکەن".