زایەڵە – وەزیری دەرەوەی سوریا وێڕای ئاماژە بەوەی کە " ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئەمریکا کار دەکەن بەکرێگیراون " جەختی کرد؛ "هەر جۆرە کردەوەیەکی تورکیا لە سوریا داگیرکارییە."

فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ (چوارشەممە) لە پرێس کۆنفڕانسی هاوبەش لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەکەی لە تاران، وتی: لەگەڵ ئێران هاوڕابووین لەسەر چوونەدەرەوەی هێزە داگیرلەرەکان لە سووریا .

وتیشی: ئەمریکا و تورکیا ناتوانن هەژموونی خۆیان بە سەر سووریادا بسەپێنن.

میقداد وێڕای ئاماژە بەوەش کە ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئەمریکا کار دەکەن بەکرێگیراون، جەختی کرد؛ زوو یا درەنگ پێویستە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بکشێتەوە.

وەزیری دەرەوەی سووریا هەروەها وتی: "هەر جۆرە کردەوەیەکی تورکیا لە سوریا داگیرکارییە."

ئاماژەی بەوەش دا؛ هەندێک گرووپ لە ڕۆژهەڵاتی سووریا پاساوی هێرش کردن بۆ تورکیا دەدەن.

میقداد ڕاشیگەیاند: تورکیا هیچ پاساوێکی نییە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ناو خاکی سووریادا.