زایەڵە - سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا رایگەیاندووە ، زیاتر لە 750 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، بەڵام مووچەخۆر ملیۆنێك و 250 هەزار زیاترە، یەكێك لەكێشەكانی ئەم حكومەتە خراپ دابەشكردنی فەرمانبەرانە بەسەر فەرمانگەكاندا، لەهەندێك شوێن كێشەی كەمیی میلاك هەیە و لەهەندێك شوێنیش زیادەی میلاك و كەموكورتی میلاكیش لەهەمانكاتدا هەیە .
ناوبراو نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە بۆ نموونە شوێنێك پێویستی بە 60 كەسە خۆی 80 كەس لەو شوێنە دەوام دەكات، بەڵام ئەو پسپۆڕیەیان نییە كە لەو بەڕێوەبەرایەتیە پێویستیانە، وتیشی ، لەبەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە ئەو پسپۆڕییەی لەفەرمانگەكەی دیكە پێویستە زیادە میلاكیان هەیە، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەنجومەنی راژە داڕشتنەوەی هەیكەلیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و دابەشكردنی فەرمانبەران بەشێوەی زانستی گونجاوتر.
وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەموو فەرمانگەیەك هەموو بەڕێوەبەرایەتیەك كە دادەمەزرێت پێویستە لەپێشدا هەیكەلیەتی دیاریبكرێت و لەكۆبوونەوەی رحژی سێشەممە 19ی تەمموزدا چەند ئامانجێك دیاریكراوە  كە بەشێكیان داڕشتنەوەی میلاكاتە بەشێوەیەكی باشترو هەندێك شتی دیكە كە رێككەوتنی لەسەركرا كە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كرد بە ئامادەبونی رێباز حەملان كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئامادەیبوو.
سەمیر هەورامی وتیشی، وەكو وتم یەكێك لەئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە پەرەپێدانی ژێرخانی حكومەتە لەپرسی رێكخستنەوەی میلاكات و درێژەدان بە ریفۆرمی ئیداری و رێكخستنەوەی پلەبەندی فەرمانبەرانیش لەكەرتی گشتیدا و پسپۆڕییان دیاریدەكرێت و دابەش دەكرێنەوە بەسەر فەرمانگەكانی حكومەتدا .
ئامادەکردنی- کامەران کەریم