وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای لە تورکیا کرد و داوای دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجومەنەکەی کرد لەبارەى "دەستدرێژییەکانی تورکیا."
هاوکات فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە بینای پەرلەمان بۆ بەشداری لە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەى بۆردومانەکەی تورکیا لە زاخۆ، لەئێستادا پەرلەمانتاران دەچنە هۆڵی دانیشتنەکەوە.
رۆژی چوارشەممە (20ی تەموزی 2022) سێ تۆپ ئاراستەی ناوچەیەکی گەشتیاریی سنووری زاخۆ کران و بەهۆیەوە بەپێی دوایین ئامارەکان، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی هەندێک لە بریندارەکان سەختە. ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی، سەرجەمیان گەشتیاری عەرەبن و لە پارێزگاکانی عێراقەوە چوونەتە زاخۆ.