زایەڵە – باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وێڕای جەخت لە سەر خێرایی دان بە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پشتگیرییان لە سەقامگیری سیاسی ئەو وڵاتە کرد.
جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ محەمەد کازم ئالی ئیسحاق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا دیدار و گفتوگۆی کرد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیرنا، ئالی ئیسحاق و پلاسخارت وێرای جەخت لەسەر پەلە کردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پشتگیرییان لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە.
دوو لایەن هەروەها خزمەتگوزاریی بۆ گەل و گرینگیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن حکومەتی نوێیان بە پێویست ناوبرد.
باڵیۆزی ئێران لەم دیدارەدا داوای دەورگێڕانی کاریگەرتری نەتەوە یەکگرتووەکان لەپێناو پێشکەوتنی عێراق کرد.
هەروەها دوو لایەن پشتگیریی خۆیان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەربڕی.