زایەڵە - مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە بڕیاری بەربژێرکردنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.

 لە راگەیێندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستخۆشیی لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە و دەڵێت، "بە بەربژێرکردنی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داھاتوو، ھەنگاوێکی گرنگیان نا لەڕێی بەگوڕکردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا."

 یەکێتی هیوای خواستووە کە ئەو هەنگاوە رێكارە یاسایی و دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق خێراتر بكات.

 هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، "وێڕای پێشوازی لەو بڕیارە، جەخت لە پتەوكردنی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە نیشتمانییەكان دەکەینەوە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار كە ببێتە مایەی سەقامگیری، بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری، خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد و عێراق و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان."