زایەڵە - وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە حکومەتی تورکیا و پەکەکە دەکات تەواوی هێزەکانیان لەنێو خاکی عێراق ببەنە دەرەوە.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە کاتی نیویۆرک و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان و لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە تۆپبارانەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی سنووری زاخۆ رایگەیاند، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لە رووداوە کرد و بۆی روون بووەوە کە "سوپای تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوە."
د. فوئاد حوسێن گوتی: ئەوەی تورکیا دەیکات داگیرکارییە بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق؛ هەروەها هەڕەشەیە بۆسەر یەکگرتوویی خاکەکەی و پێشێلکارییە بۆسەر ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
راشیگەیاند، "ئەوەی تورکیا دەیکات رێزنەگرتنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی تایبەت بە هەبوونی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش."
د. فوئاد حوسێن گوتیشی، "ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا زیانی گەورەیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە و لە کۆتایی گوتارەکەیشدا ژمارەیەک داواکاری هەبوو." وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "دەبێت رێککەوتنێک بکرێت و لەسەر بنچینەی ئەو رێککەوتنە تورکیا تەواوی هێزەکانی لەنێو خاکی عێراق بباتە دەرەوە، ئیدی لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان و عێراق بن."
د. فوئاد حوسێن راشیگەیاند، حکومەتی عێراق ئامادەیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش کاربکات تاوەکو میکانیزمێک بدۆزرێتەوە و لەسەر ئەو بنچینەیەش پەکەکە لەنێو خاکی وڵاتەکەی نەمێنێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق داواکاری دیکەشی هەبوو و گوتی، دەبێت هێرشەکانی نێو خاکی وڵاتەکەی بە تووندی سەرکۆنە بکرێن و ئەوانەش بەرپرسن لە ئەنجامدانیان بە تووندی سزابدرێن.
سێیەمین داواکاری وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوە بوو کە تیمێکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت "بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی تورکیا."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەی وەک چوارەم داواکاری ناوبرد کە دەبێت حکومەتی تورکیا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر خەڵک کەوتوون.
دەقی داواکارییەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق:
یەکەم، دەبێت رێککەوتنێک بکرێت کە تورکیا ناچار بکات تەواوی هێزەکانی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە، ئیدی لە هەرشوێنێکی عێراق جێگیرکرابن؛ هێزەکانی تورکیا بە هەڕەمەکی لە نێو خاکی عێراق جێگیربوون و هیچ رێککەوتنێک لەسەر هەبوونی هێزی ئەو وڵاتە لە عێراق بوونی نییە. هەبوونی ئەو هێزانە ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات و ئاسایش پەکدەخات.
دووەم، ئەم هێرشانە دەبێت بە تووندی سەرکۆنە بکرێن و تەواوی ئەوانەش کە ئەم هێرشە ترسنۆکانە دەکەن دەبێت سزابدرێن.
سێیەم، ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و عێراق و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیش؛ هەروەها دەبێت تیمێکی نێودەوڵەتی دابنرێت تاوەکو لەم هێرشانە بکۆڵنەوە.
چوارەم، پێویستە حکومەتی تورکیا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر خەڵک کەوتووە. ئەم هێرشەی کۆتایی زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتوگوزاری عێراق گەیاندووە؛ هەروەها عێراق بە تەواوەتی بەرپرسیاری خۆی نیشانداوە و خۆی بۆ سەقامگیریی زیاتری ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی یەکلاکردووەتەوە. عێراق ئامادەیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش کاربکات بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت هێزەکانی پەکەکە عێراق جێبهێڵن، چونکە ئەمە عێراق ناسەقامگیر دەکات و ئاسایش ناهێڵێت.
خەڵکی عێراق هیوایان بەم ئەنجوومەنە هەیە و پێیانوایە ئەم کۆبوونەوەیە گرنگە بۆیان. خەڵکی عێراق پێیانوایە نەتەوە یەکگرتووەکان بەگشتی و بەتایبەت ئەم ئەنجوومەنە گەرەنتی ئاشتی و ئاسایشی خەڵک لە جیهان دەکەن. ئێمەش دڵنیاین ئەم ئەنجوومەنە بێ دوودڵی مافی ئەو وڵاتانە دەدات کە هەڕەشەیان لەسەرە و دەپارێزێت. خەڵکی عێراق هیواخوازن ئەنجوومەنەکە کارەکانیان چڕبکەنەوە و کاریگەرتریان بکەن تاوەکو چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و رێگری لە هەموو هێرشێکی دیکە لە داهاتوودا بکەن.