زایەڵە - چوارچێوەی هاوئاهەنگی چوونی لایەنگرانی رەوتی سەدر بۆ نێو باڵەخانەی پەرلەمان بە "جووڵەی گوماناوی" دەزانێت و دەڵێت: "لە دوێنێوەوە جووڵە و بانگەشەی گومانلێکراو هەستپێدەکەین هانی پشێوی و دروستکردنی ئاژاوە و لێدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدات." داوا لە حکومەتی مستەفا کازمی دەکات دامەزراوەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان بپارێزێت.
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-7-2022، لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا و چوونە نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناڕاستەخۆ سەدرییەکان تۆمەتبار دەکات و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: خۆپێشاندانەکە رۆژێک دوای ئەوەیە "هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەنگاوە کردەییەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی دەستپێکرد و بەکۆی دەنگ لەسەر بەربژێرکردنی کەسایەتییەکی نیشتمانی شایەتی بۆ دراو بە لێهاتوویی و بێگەردی".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو رووداوە خێرایانەی ئەمڕۆ روویاندا و رێگەدان بە خۆپێشاندەران بە چوونیان بۆ ناوچەی تایبەتی حکومەت و چوونە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران و دامەزراوە دەستوورییەکان، لە هەمانکاتدا هێزە پەیوەندیدارەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکرد، بەشێوەیەکی زۆر گومان دروستدەکات، بەو پێیە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەلامەتی فەرمانگە حکومییەکان و کارمەندانیان و نێردە دیپلۆماسییەکان و موڵکە گشتی و تایبەتییەکان دەخەنە ئەستۆی حکومەتی کاربەڕێکەر و داوای لێدەکەین رێوشوێنی تووندبگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سیستەم و رێگەنەدان بە پشێوی و کارە نایاساییەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "داوا لە رۆڵەکانی گەلی ئازیزی عێراق دەکەین هۆشیارتر بن و ئاگاداربن لە تەڵەی دووژمنان و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاژاوەیەک گەل و رۆڵەکانی ببنە سووتەمەنی ئەو ئاگرە، بە جەماوەرە خۆشەویستەکەشمان دەڵێین ئێمە لەگەڵ ئێوەین و لەنێوتانین، خەمی ئێمە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی رۆڵەکانی گەلەکە ئازیزەکەمانە و شەرمەزارتان ناکەین و داواتان لێدەکەین چاوکراوەبن و ئاگاداربن و دەرفەت لەدەستنەدەن و ئامادەبن بۆ هەر رووداوێکی لە ناکاو."
دوای ئەوەی رۆژی 25ی ئەم مانگە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، محەممەد شیاع سوودانی وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشانکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-07-2022 لایەنگرانی موقتەدا سەدر خۆپێشاندانێکیان کرد و چوونە ناوچەی سەوز و بەبێ هیچ رێگرییەک چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانەوە.