سوپاسالاری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، بەپێی دوایین زانیاری هەواڵگری تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشدا هەن.
بە پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فەریق جەمال ئیمنیکی ڕاشیگەیاند: "بە لایەنی عێراقیمان وتوە، دەبێت رێککەوتن لەسەر خاڵەکان بکرێت و هێزی هاوبەش لەناوچەکان دابنیێین کە بۆشایی ئەمنی تێدایە".
سوپاسالاری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی هەواڵی خەندان، راگەیاند، "بەپێی دوایین زانیاری هەواڵگری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار چەکداری داعش هەن، بەڵام ئەوە جێگیر نیە و ناتوانین بڵێین 100% راستە، بەڵام ئەگەرهەیە کەمتر یان زیاتربن لەو ژمارەیە".
ناوبراو لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی چەکدارانی داعش ئاماژەی بەوە کرد، "ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن تەنها چارەسەر نیە، ئێمە بە لایەنی عێراقیمان وتوە، دەبێت رێککەوتن لەسەر خاڵەکان بکرێت و هێزی هاوبەش دابنیێین لەگەڵ سوپای عێراق لە هەندێک ناوچە، پاشان ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین، بۆ نمونە ئەگەر بچینە ناوچەی قەرەچوغ و ئۆپراسیۆنێک بکەین و دواتر سوپای عێراق بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، داعشیش بەهەمان شێوە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام هەتاوەکو ئێستا نەگەیشتوینەتە رێککەوتنێک".
فەریق جەمال ئیمنیکی وتیشی، "بۆشایی ئەمنی زۆر لە ناوچەکانی خورماتو و پەلکانە هەیە و هێزەکانی ئەمنی عێراق نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکەن بە تەواوەتی و سروشتی ئەو ناوچانەش لەبارە بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی، بۆیە رۆژ بەڕۆژ ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی زیاتر دەبێت ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوان ئێمە و هێزی عێراقی و هەروەها بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزە عێراقییەکان خۆیان هەیە".
لەبارەی ئەوەی ئایا لەلایەن سوپای عێراق ئامادەکاری تیایە بۆ ئەوەی بە هاوبەشی روبەڕوی داعش ببنەوە، فەریق جەمال ئیمنیکی ئەوەی خستەڕو، "من تا ئێستا ئەو ئامادەکاریە نابینم".
رونیشیکردەوە، پێدەچێت بەم نزیکانە تیمی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق و راگەیاندنی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان کۆببنەوە، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی لیژنەی باڵای نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دیارینەکراوە، کۆبونەوەکانی ماوەی رابردوش پرسی بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان و دروستکردنی هێزی هاوبەش و ئۆپراسیۆنی هاوبەش گفتوگۆ کراوە.
کۆتایی/.