زایەڵە - عومەر گوڵپی  ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستان   بەزایەڵەی   ڕاگەیاند، بەپێی ماددەی شەشەم لە یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠١١)، یاسای ماف و ئیمتیازی کەمئەندام و کورتە باڵا و خاوەن پێداویستی تایبەت، هەر کەسێک بە بەڵگەی پزیشکی سەلمێنرا کەمئەندامە، ئەوە لەسەر حکومەت ودامەزراوەکانی پێویستە سەرجەم مافەکانی بۆ دابین بکەن، بەتایبەت تەرخانکردنی بڕی (١٥٠,٠٠٠) دیناری مانگانە وەک هاوکاری دارایی.

وتیشی، بەڵام بەبێ بوونی پاساوی یاسایی و ڕەوا، لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە ئەنجومەنی وەزیران ئەم تەرخانکردنەی دارایی ڕاگرتووەو هیچ کەمئەندامێک تۆمار ناکات.ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە نزیکەی (١٠) ساڵە چاوەڕێی ئەو مافە سەرەتاییە دەکەن نزیکەی (٣٠,٠٠٠) هاووڵاتین کە زۆرینەیان منداڵن لە منداڵانی ئۆتیزم و شەلەل دەماخ و نابیناو نابیست و داون، هەروەها ئەوانەی گرفتەکانی بەربەستی جەستەیی و دەروونی و ژیرییان هەیە.

ڕونیشیکردەوە، بە نووسراوی ژمارە ١٨٥ لە ٢٧ی ٧ی ٢٠٢٢ سکاڵای یاساییمان جوڵاند لە پێناو کۆتایهێنان بەم ستەمە لەسەر کەمئەندامان و خانەوادەکانیان.

ئامادەکردنی-  کامەران کەریم