زایەڵە - سەرۆكی ڕەوتی حیكمە ڕایدەگەیەنێت، مەترسی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی هەیە لەنێو پێكهاتەكاندا.

عەمار حەکیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، لەمیانەی بەشداریكردنی لە گردبوونەوەی لایەنگرانی ڕەوتەکەی كە بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچی سازکرابوو لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “مەترسی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی هەیە، لەنێو پێكهاتەكاندا، بەڵام ئێمە لە پڕۆژەی ئیمامی حوسێندا وانەی چاکسازی، گۆڕان و بەرەنگاربوونەوەی لادان فێربوین”.

بۆیە، حەكیم داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، ناکۆکییەکان تێپەڕێنن و دەست بکەن بە گفتوگۆی جددی لەپێناو نیشتیمان و بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق.

جەختیشی كردوەوە، ڕێگە بە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی و بەکارهێنانی ناکۆکی سیاسی نادەن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی، چونكە ئەوە هێڵی سورە.

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە داواشی لە سەرکردە سیاسییەکان كرد لێدوانی نەرێنی دژبەیەك ڕابگرن و لە ڕێگەی کەناڵە ڕەسمییەکانەوە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە پێشیوایە، بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی دوای دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، پێویستە ڕێکاری ڕوون هەبێت بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆمار.