زایەڵە - نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا لایه‌نه‌ سياسييه‌ ناكۆكه‌كان بانگهێشتی هه‌ولێر ده‌كات، تا بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى راسته‌وخۆ ده‌ستپێبكه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆياندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى راسته‌وخۆ ده‌ستپێبكه‌ن. له‌م دۆخه‌ هه‌ستياره‌دا ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌، ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئاسايش و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردوه‌، نێچیرڤان بارزانی داوای به‌رپرسیاریه‌تی هاوبه‌شی لایه‌نه‌كان ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ كاتێكدا رێز له‌ خواستى خۆپيشاندانى ئاشتيانه‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌گرين، جه‌خت له‌ پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئاسايش و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتيان و كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ينه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گه‌لى عێراق شايه‌نى باشتره‌ له‌ ئێستا و داهاتوو، كه‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌كانه‌ پێكه‌وه‌ عێراق له‌م دۆخه‌ هه‌ستيار و مه‌ترسيداره‌ ده‌رباز بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆيه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ين، بێن له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكتێگه‌يشتن و رێككه‌وتن. هيچ كێشه‌يه‌ك نييه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.