زایەڵە - سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند پاڵپشتی لە بانگهێشتەکەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانى دیالۆگ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، دەشڵێت، "عێراق پێویستى بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتیى هاوبەشە بۆ رزگارکردنى."

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە تویتێکدا (سێشەممە 2-8-2022) ڕایگەیاند، "لە کاتێکدا بانگهێشتەکەمان دووپات دەکەمەوە بۆ دیالۆگى برایانەى عێراقى گشتگیر لە هەولێر، جەخت لە پاڵپشتیمان دەکەمەوە بۆ بانگهێشتەکەى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیران بۆ ئەنجامدانى دیالۆگ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراق بۆ دۆزینەوەى دەرچەیەک بۆ قەیرانى ئێستا و کارکردنى پێکەوەیی بۆ گەیاندنى وڵات بە کەنارى ئارامى."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "عێراق پێویستى بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتیى هاوبەشە بۆ رزگارکردنى."

رۆژی دووشەممە 1-8-2022، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا داواى لە لایەنە سیاسییەکان کرد، هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانی کۆببنەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا."