وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ئەوانەی هێرشە موشەكییەكەی هەولێریان ئەنجام داوە لە ناوچەكانی تری عیراقەوە بە بازگەكاندا چونەتە هەولێر و ئێستا لە دەرەوەی سنووری هەرێمن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشە موشەكییەكەی سەر شاری هەولێر رایگەیاند: بەهۆی ئەو كارئاسانییەی لە بازگەكان بۆ ئەوانە دەكرێت كە لە ناوچەكانی تری عیراقەوە دێنە هەرێمی كوردستان، هەندێك كەس سودیان لەوە وەرگرتوە و دزەیان كردوەتە هەولێر و تاوانەكەیان بەرامبەر چەند گەڕەكێكی هەولێر و فڕۆكەخانە ئەنجام داوە.
ڕاشیگەیاند: لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو هێرشە موشەكییە پێکهێنراوە و هەروەها لیژنەیەكی هاوبەشیش لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق پێكهێنراوە و لیژنەكەی بەغدا هاتونەتە هەولێر و لەگەڵ لیژنەكەی خۆمان كاریان كردوە و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەكەین.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند داواکارین ئەوەی دەكەوێتە سەر حكومەتی عیراق بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی رۆشتونەتە دەرەوەی ناوچەكانی هەرێم و لە ناوچەكانی ترن دەستگیر بكرێن.