زایەڵە - د.موحسین ئه‌دیب: شێركۆى مه‌زن، گه‌رووى نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و گوزارشته‌ له‌ ده‌نگى راسته‌قینه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى قوربانیده‌ر و كۆڵنه‌ده‌ر.

له‌ ساڵیادى كۆچى دوایی شاعیرى گه‌وره‌ى گه‌له‌كه‌مان شێركۆ بێكه‌س، له‌سه‌ر مه‌زارى پیرۆزیی له‌ پاركى ئازادى، چه‌ندین چالاكى رۆشنبیریی و هونه‌ریی پێشكه‌شكران.

له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا، د. موحسین ئه‌دیب به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى و ئازاد به‌رزنجى سه‌رۆكى ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م و ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ هونه‌رمه‌ندان و رووناكبیران و عاشقانى وشه‌ ئاماده‌بوون.

د. موحسین ئه‌دیب له‌ وته‌یه‌كدا، رۆڵى مه‌زن و كاریگه‌رى شێركۆ بێكه‌سى له‌ ناوه‌ندى رووناكبیریی كوردیی باس كرد و سه‌ره‌تا وتى: شێركۆى مه‌زن، گه‌رووى نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و گوزارشته‌ له‌ ده‌نگى راسته‌قینه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى قوربانیده‌ر و كۆڵنه‌ده‌ر له‌ رابردوو و ئێستا و داهاتوو. جگه‌ له‌مه‌ش هه‌میشه‌ له‌ شیعره‌كانى شێركۆى مه‌زندا، كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و كایه‌ بوونیان هه‌یه‌، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى ئازار و قوربانییه‌كانى میلله‌ته‌كه‌مان بوون.

د. موحسین ئه‌دیب به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، له‌ ته‌وه‌رێكى ترى وته‌كه‌یدا، رووى ره‌خنه‌ى ئاراسته‌ى ره‌خنه‌گران و توێژه‌رانى كورد كرد، كه‌ وه‌ك پێویست ئاوڕیان له‌ شیعره‌كانى شێركۆ بێكه‌س نه‌داوه‌ته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ و راڤه‌ى قوڵیان بۆ نه‌كردووه‌.

پاشان، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكى ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی خانه‌ى رۆشنبیرى و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى عیراق وته‌یان پێشكه‌شكرد و  دواتر له‌لایه‌ن به‌شى هونه‌ره‌كانى میوزیكى سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، چه‌ند پارچه‌ میوزیك و گۆرانییه‌ك پێشكه‌شكران، هه‌روه‌ها هه‌ڤاڵ كوێستانى كتێبه‌كه‌ نوێكه‌ى به‌ ئاماده‌بووان ناساندن كه‌ دیدارێكى دوورودرێژ بوو له‌گه‌ڵ شێركۆى مه‌زن.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم