زایەڵە - شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی زانیاری له‌باره‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما له‌م مانگه‌ و مانگی داهاتوو ده‌خاته‌ڕو و راشیده‌گه‌یه‌نێت، تا كو 8ی ئەم مانگە پله‌كانی گه‌رما به‌ به‌رزی بمێننه‌وه‌ و پێشبینیشده‌كرێت، مانگی داهاتوو مانگێكی فێنك بێت.
ئاراس جه‌بار شاره‌زای بواری كه‌شناسی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا  رایگه‌یاندوه‌، سه‌ره‌تا كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆلی گه‌رمایه‌ پێشبینیده‌كرێت له‌سه‌ر ناوچه‌كانمان تا رۆژی دووشه‌ممه‌ 8ی (ئاب/8)ی 2022 به‌رده‌وام بێت، له‌ ھه‌مان رۆژه‌وه‌ تاوه‌كو 13ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌گه‌ری ھه‌یه‌ بارسته‌ ھه‌وایه‌كی فێنك له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ڕوبكاته‌ ناوچه‌كه‌ و له‌م مه‌ودایه‌دا پله‌كانی گه‌رما له‌ناوچه‌كانی ھه‌رێمدا 2-3 پله‌ به‌راورد به‌م ماوه‌یه‌ نزمتر ده‌بنه‌وه‌، تاراده‌یه‌ك كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆلی گه‌رمایه‌ ئه‌كشێته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ مانگی (ئه‌یلول/9)ی ئه‌مساڵ، ئاراس جه‌بار ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، به‌پێی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كانی پێشبینی مانگی ئه‌یلول تێكرای پله‌كانی گه‌رمای وڵاتانی رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌تێكرا ئاساییه‌كانی خۆیدا ده‌بن ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، مانگێكی فێنك ده‌بێت و ناوبه‌ناو ھه‌وای فێنك ناوچه‌كانمان ده‌گرێته‌وه‌ و پله‌كانی گه‌رماش زۆر به‌رز نابنه‌وه‌ .
ئامادەکردنی- کامەران کەریم