زایەڵە - ئاسایشی شارەزوور سێ کەسی بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە شوێنەوارە مێژووییەکان دەستگیرکرد
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وورد توانرا سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە شوێنەوارە مێژووییەکانەوە لە بازگەی زەمەقێ دەستگیر بکرێن، کە دووان لە تۆمەتبارەکان دانیشتووی شاری سلێمانی و تۆمەتباری سێیەمیان دانیشتووی شاری هەولێرە.
راشیگەیاند، تۆمەتبارەکان شەش پارچە شوێنەواری مێژووییان لە جۆی پەیکەر لەناو ئۆتۆمبێلێک حەشاردابوو و بەنیازبوون لە رێگەی پارێزگای هەڵەبجەوە رەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ هەر سێ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە بە پێی مادەی ٦٣ی شوێنەوار و لێکۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم