زایەڵە - سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبێ دووبارە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەكە نابێت.

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، عێراق وڵاتی پێكهاتەكانە و گەلەكەی لە چەندین مەزهەب و نەتەوە پێكدێت، هیچ ئیرادەیەكی بەسەردا ناسەپێندرێت جگەلە ئیدارەی تەواوی گەل لەڕێی دامەزراوە دەستوورییەكانی كە ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەرایەتی دەكات.

لە پەیامەكەیدا بەبۆنەی عاشورا مالكی وتیشی، “لەسەر ئەو بنەمایە نە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نە هەڵبژاردنی پێشوەختە و نە گۆڕینی سیستم بەبێ گەڕاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دانیشتنەكانی بەشێوەی ئاسایی، نابێت”.

بەمدواییە موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر داوای كرد ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستای عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.