زایەڵە - چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی جارێكی دیكه‌ داوا له‌ لایه‌نگر و ئه‌ندامانی ده‌كات، سبەی رۆژی هه‌ینی كاتژمێر 5ی ئێواره‌ له‌نێوان گۆڕه‌پانی عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم و پردی معه‌له‌ق له‌ جادرییه‌ی به‌غدا‌ خۆپیشاندان بكه‌ن.
چوارچێوەی هەماهەنگی‌ له‌ بانگه‌وازێکدا بۆ لایەنگرانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: "بۆ به‌رگریكردن له‌ یاسا و ده‌ستوور داوای ئاماده‌بوونی فراوانی لایه‌نگرانمان ده‌كه‌ین، به‌وه‌ی لایه‌نێكی دیكه‌ی سیاسی به‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی هه‌وڵی تێكشكانی یاسا و ده‌ستوور ده‌دات، كه‌ بێڕێزییكردنه‌ به‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت".
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "داوا له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانمان ده‌كه‌ین، باوه‌ڕمان وایه‌ وه‌ستان شانبه‌شانی هه‌نگاوه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كان و به‌رگریكردن له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دادگا و یاسادانان و له‌پێناو په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی خزمه‌تگوزاری نیشتمانی به‌سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه‌ كه‌ بتوانێت رووبه‌ڕووی كێشه‌و ئالنگارییه‌كانی وه‌ك كێشه‌ی كاره‌با و ئاو و بێكاری كه‌ به‌رۆكی عێراقییه‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌ ببێته‌وه‌".
چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت: "داوا له‌ رۆڵه‌كانی گه‌لی عێراقی ده‌كه‌ین به‌شداری كارایان له‌ ژێر ناوی (گه‌ل وڵات ده‌پارێزێت) له‌ نزیك ناوچه‌ی سه‌وز له‌گه‌ڵ هاوكاریی ته‌واوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ست به‌ خۆپیشاندانی سه‌رده‌میانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی بكه‌ن".