زایەڵە - كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، 1200 كۆچبەر ژێرئاوكەوتوون یان بێسەروشوێن بوون لە دەریادا لە نیوەی یەكەمی 2022دا.
لقی كۆمسیۆنەكە لە ئەسینا ئەو ئامارانەی بڵاوكردەوە، لەكاتێكدا هێزی دەریایی یۆنان بەردەوامە لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا لەدوای نقومبوونی بەلەمێكی كۆچبەران ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە نزیك كەناراوەكانی دوورگەی ڕۆدس.
بەلەمەكە كە لە شاری ئەنتاڵیا-ی توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێكەوتبوو، لە ئاوەكانی یۆناندا نقومبوو، تائێستا 34 كەس ڕزگاركراوان، 29یان لەلایەن ئێشكگری یۆنانی و پێنج-یش لەلایەن ئێشكگری توركیاوە.
دوێنێ بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە، بەلەمێك لە دەریای ئیجە نوقم بوو كە 80 سەرنشینی تێدابووە، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەكان كە بەدەست ئێمە گەیشتووە بەلەمەكە 93 سەرنشینی تێدابووە و 64 كەسیان بێسەروشوێنن، 29 كەسیان ڕزگاركراون.
وتیشی، “ئەو كەسانەی ڕزگاركراون نەخراونەتە كامپەوە، بۆیە تائێستا هیچ زانیارییەك بە ئێمە نەدراوە، بەڵام ئەو كەسانەی لە بەلەمەكە نوقمبوون كورد، فارس، تورك و ئەفغانی تێدایە و ئێمە سەرقاڵی وەرگرتنی زانیارین لەسەر قوربانییەكان”.