زایەڵە - پارێزگاری هەڵەبجە اشکرایکرد،  لەكۆی ئەو 220 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونەی كە حكومەتی هەرێم بڕیاری لەبارەی دروستكردنیانەوە داوە 440 یەكەیان وەك پشكی پارێزگای هەڵەبجە دیاركراون، ئەو 440 یەكەشەیەش دابەشدەكرێن بەسەر ناحییەكانی خورماڵ و سیروان و بیارە و تەویڵەو ناحیەی بەمۆ، بۆ ئەومەبەستەش تاكۆتایی ئەم مانگە سەرجەم كاروبارە ئیداری و كارگێڕییەكان لەڕووی دابینكدنی زەوی و پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند كۆتاییان دێت.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند،  لەچوارچێوەی دروستكردنی ئەو 220 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونەی كە حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە دروستكردنیان بۆ هەژاران و كەمدەرامەتان، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 996 خیِزان فۆڕمی داواكاری بۆ دروستكردنی ئەو یەكە نێشتەجێبوونانەیان پڕكدووەتەوە، هاوكات پشكی پارێزگای هەڵەبجە بە ناوەندی هەڵەبجە و ناحییەكانی خورماڵ سیروان بیارە تەویڵە و بەمۆ بریتییە لە 440 یەكەی نیشتەجێبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆی ئەو 440 یەكەی نیشتەجێوونە 270 یەكەیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە و 87 یەكەیان بۆ ناحیەی خورماڵ و 50 یەكەیان بۆ بیارەو تەویڵە و30 یەكەیان بۆ ناحیەی سیروان و چوار یەكەشیان بۆ ناحیەی بەمۆ دەبێت، هاوكات ڕووبەری ئەو یەكە نیشتەجیبوونانەش دابەشدەكرێن بەسەر سێ‌ رووبەری جیاوازدا كە بریتین لە ڕووبەی 80 مەتری و 100 مەتری و 120 مەترین، ئەو یەكانەی كە لەناوەندی هەڵەبجە دروستدەكرێن لە هەشت نهۆم و ئەوانەی لە ناحییەكان دروستدەكرین لە سێ‌ نهۆم پێكدێن.
پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەكی تایبەتمەند بەسەرۆكایەتی پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و نەخشەدانان و كشتوكاڵ و ڕێگاوبان پێكدێن، لەلایەن شارەوانی هەڵەبجەوە شوێنی تایبەتیان بۆ دیاركراوە و ئەوە تەواوبووە، بۆیە تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم كاروبارەكان بەكۆتا بگەیەنین لە ڕووی دابینكردنی زەوی هەندێك پێداویستی دیكەی دەستكردن بە دروستكردنی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم