زایەڵە - بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و نوری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا كۆبونەوە و رایانگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆكردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەكان دەكەن و داواشدەكەن هەنگاوەكانی سەرخستنی دەستپێشخەرییەكە بەردەوام و خێراتر بكرێن.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا چوارشەممە لە بەغدا كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، ‏‎لە دیدارێكدا "دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و هەوڵەكان بۆ دروستبونی كۆدەنگی نیشتمانی تاوتوێكران و جەخت لە سازان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە كرایەوە تاوەكو عیراق لەو دۆخە سیاسییەی تێیكەوتوە دەرباز بكرێت."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"‏‎ھەر لە دیدارەکەدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی کازمی كرا بۆ كۆكردنەوەی هێز و لایەنە جیاوازەكان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەكان، داواشكرا هەنگاوەكانی سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە بەردەوام و خێراتر بكرێت و هەوڵەكان لە خزمەت ئامانجە باڵاكاندا بێت.
‏‎بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا "پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نیشتمانی دوپاتکردەوە" و رایگەیاند، "دۆخی ئەمڕۆی وڵات وا دەخوازێت كە هەمومان لەپێناو سەقامگیری و حوكمڕانییەكی باشتر یەكدەنگ بین و ئامانجمان بەدیهێنانی ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەران بێت بۆ هاوڵاتییان."