زیەڵە - وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان دروست دەکرێت، رێگای ناوتاق قیرتاو دەکرێت و تونێلی ئێستای دەربەندیخان نۆژەندەکرێتەوەو بڕە پارەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە و هەروەها کارکردن بۆ تەواوکردنی رێگای وارماوا دەربەندیخان بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە ڕایگەیاند: بەشێک لە ھاونیشتیمانیانی خۆشەویستمان لە دەربەندیخان و سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رۆژی شەممە خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی چاککردنی رێگای سەرەکی نێوان دەربەندیخان- سلێمانی و رێگای سەرەکی دەربەندیخان – کەلار کە لەساڵی ٢٠١٣ەوە کارکردن تیایدا دەستیپێکردوە.
وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ داوا رەواکانی ھاونیشتیمانیان، ھاوکات جەخت دەکەینەوە کە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان کەلار و ھەر لێرەوە رایدەگەیەنین، کە ھەفتەی داھاتو بە بەشداری نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕ دەستپێدەکات بۆ دروستکردنی دو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان.
جگەلەوەش، لەچوارچێوەی ھەنگاوە خێراکان بۆ کارئاسانی ھاتوچۆی ھاوڵاتیانی سنورەکە، بڕیاردراوە بە قیرتاوکردنی رێگای ناوتاق و کارکردنیش بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێگای دوسایدی وارماوا دەربەندیخان.
بۆ ھاونیشتیمانیانی خۆشەویستی دوپات دەکەینەوە لەسەرەتای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بایەخی تایبەتی بە رێگاوبانی سنورەکە داوەو زیاتر لە حەوت جار بەشێوەیەکی مەیدانی رێگاوبان و پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردوەتەوەو وێڕای ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژە، ھاوکات لە چۆنێتی ئەنجامدانی پڕۆژەکان و کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دوسایدی دەربەندیخان-کەلاری کۆڵیوەتەوە، بەجۆرێک کە لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەی دەربەندیخان کەلار گەیشتوەتە زیاتر لە 55٪، لەکاتێکدا پێشتر رێژەی ئەنجامدراو 15٪ کەمتر بوە.
ھەر لە چوارچێوەی ھەوڵەکاندا، لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوای ئاراستەکردنی نوسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) و بە واژۆی بەڕێز وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و828 هەزار دینار دەربڕی بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، بەمەبەستی چاککردنەوەی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم