زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران وتی؛ شاندێکی وڵاتی ئێران بە مەبەستی گفتووگۆکردن لەبارەی چەند پرسێک، لەوانە بازرگانی، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.  
عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بە زایەڵەی گوت: "بڕیارە سبەینێ دووشەممە شاندێکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگار، سەردانی ھەولێر بکەن".  
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی، "مەبەست لەو سەردانەی شاندەکەی وڵاتی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆکردنە لەبارەی پرسی بازرگانی و ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھەردوولا و رێکاری تەواو بگرنەبەر بۆ ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە بە ھەرێمی کوردستاندا بچن بۆ چلەی ئیمام حوسێن".  
ناوبراو گوتیشی: "ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی گفتووگۆ بکەن لەبارەی چۆن بتوانن زیاتر پەرە بەبواری بازرگانی بدەن و ئاسانکاری زیاتر بکرێت و جوڵەی بازرگانی زیاتر بێت، چونکە ھەردوولا ھاوڕان لەسەر زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران ".  
ئاشکراشی کرد؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر ئەوە دەربڕیوە بۆ چلەی ئەربەعینی حوسێنی
حكومه تي هه ريمي كوردستان موافقه تي كردووه بو اربعين حسيني زیارەتکارانی ئێرانی لە پارێزگاکانی قەزوین، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و زەنجان بە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بڕۆن بۆ کەربەلا، نەجەف و سامەڕا و کازمەین.
شیاوی باسە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەگاتە چوار ملیار دۆلار و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی وەکو پێشوو بۆ ھەشت ملیار دۆلار لەساڵێکدا بەرزبکەنەوە.