زایەڵە - پۆلیسی هەولێر گەنجێکی دەستگیرکرد کە لە سلێمانییەوە کچێکی ڕفاندبوو ‌و بردوویەتی بۆ هەولێر.  
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا (21ی ئابی 2022) رایگەیاند، کوڕێکی تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی هەڵساوە بە رفاندنی کچێکی تەمەن 20 ساڵە و هێناویەتیە هەولێر، وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی کوڕەکەمان کرد، کە بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، توانیمان ئەو کەسە دەستگیر بکەین و کچەکەش رادەستی کەسوکاری بکەینەوە.  
گوتیشی: "تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بکرێت".  
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگی تۆکمە لەنێوان پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە.  
راشیگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر زیاتر لە 130 تۆمەتباری دەستگیرکردووە و رادەستی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای و ئیدارە سەربەخۆکانی کردونەتەوە، کە لەو شوێنانە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە.