زایەڵە - په‌رله‌مانتارێك ناوەڕۆکی دەستپێشخەریەکەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح بۆ لایەنە عێراقیەکان ئاشکرادەکات، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە گەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، عێراق بەرەو پشێوی دەڕوات.
کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، دەڵێت"بەپێی دەستپێشخەریەکەی عامری، دەبێت پەرلەمان کۆببێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێ، دواتر لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و ساڵی دووەمیش هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت."
وتیشی"هەر دەبێت پەرلەمان دابنیشێت و حکومەت پێکبهێنرێ، چونکە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و ناتوانێت پارە بۆ هەڵبژاردن خەرج بکات، کێشەکان دەبێت بەپێی یاسا چارەسەر بکرێن، ئەگینا عێراق بەرەو پشێوی دەڕوات."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکراشیکرد، ڕەوتی سەدر بەردەوام سەقفی داواکارییەکانیان بەرزتر دەکەنەوە، لەکاتێکدا چارەسەر تەنها گەڕانەوەیە بۆ گفتووگۆ، وتی"دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسا و دەستور."
بەبڕوای کەریم شکور، چوارچێوەی هەماهەنگی بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن، لەکاتێکدا هێزی گەورە و کاریگەرن و لایەنگری زۆریشیان هەیە، وتی"نایانەوێ خوێن بڕژێ و پێکدادان دروست ببێت، دەیانەوێت بەنەرمی کێشەکان چارەسەر بکەن."
لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیش لە ئێستادا لەسەر شەقامن، دەربارەی مەترسییەکانی گواستنەوەی ناکۆکیەکان بۆ نێو شەقام، کەریم شکور وتی"خوانەخواستە شتێکی بچووک ڕووبدات، بە ئاسانی دۆخەکە کۆنترۆڵ ناکرێت، تەنانەت ئەوانەش ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، کە سەرپەرشتی شەقام دەکەن."
 کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پێیوایە، هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئارام دەگرن، تا بتوانن کێشەکان بە پێی دەستور چارەسەر بکەن و دۆخەکە سەرنەکێشێت بۆ ئاڵۆزی.