زایەڵە - شەماڵ ئەحمەد جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە " پارتی سیاسی بەرلەوەی نوێنەری خواست و بەرژەوەندی دۆست و لایەنگرانی بێت، پێویستە نوێنەری دڵسۆز و خەمخۆری بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان بێت."

شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، هۆکار زۆرن کە بوونەتە بەربەست و ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو پرسانەی کە عێراق و هەرێم بەدەستیانەوە گیرۆدەبوون، هۆکار هەیە پەیوەندی بەبونیاد و وەزیفەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمەوە هەیە، بۆ نموونە پارتی سیاسی بەرلەوەی نوێنەری خواست و بەرژەوەندی دۆست و لایەنگرانی بێت، پێویستە نوێنەری دڵسۆز و خەمخۆری بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان بێت، ئەمەش لە هەرێم و عێراق بەدی ناکرێت، بەڵکو پێچەوانەی ئەو بۆچوونە، ئێستا هێزە سیاسییەکان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەچاویلکەی تەسکی حیزبایەتی خۆیانەوە دەبینن، ئەوەش ناکۆکییەکان قووڵتر و چارەسەریان سەختتر دەکات.

ناوبراو  وتیشی، هۆکارێکی دیکە دابەشبوونی هێزەسیاسییەکانی هەرێمە بەسەر جەمسەرەناکۆکەکانی عێراق و ناوچەکە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەلەبری ئەوەی هێزەکوردستانییەکان هەوێنی پێکگەیشتن و لێکگەیشتن، دەبنە فاکتێکی پاشکۆ بۆ سیاسەتێکی ناڕوون.

ئەوەشمان بیرنەچێت کەخەڵکی هەرێمی کوردستان بڕوای بەپڕۆسەی سیاسی لەکوردستان لەقبووە بەئەندازەیەک کە هێزێکی سێیەم ئاستەمە دروست ببێت بەمەبەستی دەربازبوونی هەرێم لەو چەقبەستووە سیاسییەی دووچاری هاتووە.

ئامادەکردنی - کامەران کەریم