زایەڵە - پارێزگاری هەولێر: "بۆ پیشوازیکردن لەگەشتیارانى ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، دڵنییان دەکەینەوە پاراستنى سەلامەتى ئەوان لەئەولەویەتى کارى ئێمەیە."

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا و شاندێکى باڵای یاوەرى کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا، کە هەریەک لە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگارى هەولێر و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای هەردوولا ئامادە بوون، پارێزگاری هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا و شاندێکى باڵای یاوەرى، خۆشحاڵى خۆى بەسەردانى بەریزیان بۆ هەولێر پایتەخت نیشاندا و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری له‌نێوان هەرێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە.

پاشان، باس لە دەقى ڕێککەوتنامە (16) خاڵیەکەی نێوان پارێزگاى هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) کرا و هەردوولا خۆشحاڵى خۆیان بە پیشکەوتنى بەرچاوو لە جێبەجێکردن و بەرەپێشچوونى جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین نیشاندا، کەلەدواى واژووکردنى ڕێککەوتنامەکە لە 60% خاڵەکانى لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێکراوە، دواتر گفتوگۆ لەبارەى خاڵى (10)ى ڕێکەوتننامەکە کرا کە تایبەتە بە گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لەدەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى ڕێکار و ڕێنماییەکانى بەرکارى هەردوو وڵات کە بڕیارە لەسەرەتاى مانگى داهاتوو دەست پێبکات. لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند: "بۆ پیشوازى لەگەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لە دەروازەى حاجى ئۆمەران بۆ نێو خاکى هەرێمى کوردستان هەموو ئامادەکارییەکمان لەڕووى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى پێویست و پێداویستى تەندروستى و فریاکەوتن کردووە، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێریش ئامادەین هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەین، دڵنییاشیان دەکەینەوە کە پاراستنى سەلامەتى ئەوان لە هاتن و چوونیان لەئەولەویەتى کارەکانى ئێمەیە".

لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، لەپێناو بەهێزکردنى جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەکردنەوەى خاڵى سنوورى سیدەکان -شنۆ کرا، بۆ ئەو پرسەش هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر کارکردنى هاوبەش و تەواوکردنى هەموو ئەو ڕێوشوێن و میکانیزم و ڕێکارانەی کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراون.

لەکۆتایدا پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى کە لێیکرا و جەختى لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ بەهێزکردنی جممجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنوورییەکانى حاجی ئۆمەران-تەمەرچین نیشاندا، ڕاشیگەیاند: "خۆشحاڵم کە دواى واژووکردنى ڕێککەوتنامەى نێوانمان جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنوور بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیووە".

جێگەى باسە، ڕۆژى سێشەممە 2022.2.22، دواى دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى پارێزگارانى هه‌ولێر و ئازه‌ربایجانى رۆژئاواى كۆمارى ئیسلامى ئێران، کە لەدیوانى پارێزگاى هەولێر بەئامادەبوونى شاندى باڵاى هەردوولا ئه‌نجام درا. هه‌ردوولا له‌ دوایى دوپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى لێکتێگەیشتنى پێشووى هاوبەشی نێوانیان و بەردەوامى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان بەمەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنى جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری، ڕێککەوتننامەیەکى (16) خاڵیان واژووکرد.